قەدەغەی راوەماسی هەڵگیرا و راوچیەکان چوونەوە ناو دەریاچەکان

مەجید بیتوێنی

دەیان راوچی سەوڵ لێدەدەن و دەچنەوە لای ئەو تۆڕانەی پێشتر لەناو ئاوەکە دایانناوە، بەڵام ئەمجارە بەختیان باش نەبووە، تۆڕ کۆکرایەوە ماسی نابیندرێت.
بە سێ بەلەم و دانانەوەی 50 تۆڕی 300 مەتری تەنیا یەک ماسیان گرتووە.

ئەم راوچیانەش لەهەڵگرتنەوەی تۆڕەکان بێ هیوابوون و خۆیان کۆکردەوە بەرەو ماڵ بەدەست بەتاڵی رۆیشتن.

جوملە کڕەکانی ماسی لە دەربەندی رانیە لەسەر موجەمیدە بەتاڵەکانیان دانیشتوون هەر راوچیەک دێت رایدەگرن، بەڵام تائێستا ئەوانیش هیچیان نەکڕیوە.

واچاوەڕوان دەکرا ئەمڕۆ بازاڕەکان پرببنەوە لە ماسی دەریاچەی دوکان، بەڵام وانەبوو، راوچیان هۆکاری کەمبوونەوەی رێژەی ماسی لە دەریاچەکە دەگێڕنەوە بۆ گرنگی نەدان بە سامانی ماسی و زۆری راوی نایاسایی و بەکارهێنانی تۆڕی ورد و بڵاوبوونەوەی گەرای ماسی جۆری شەبەح و هەڵکشان وداکشانی ئاستی ئاوی دەریاچەکە.

پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕین لە سێ مانگی رابردودا زیاتر لە 70سەرپێچیکاری لەسەر راوکردنی نایاسایی دەستگیرکردوە و دەستیانگرتووە بەسەر دەیان کەلوپەلی راوکردن، هەر کاری نایاسایی ئەو راوچییانە بووە کە ئەمڕۆ ئەوا کاری لە کەمبوونەوەی ماسی کردووە.