راوچییە بیانییەکان بەدوای بازە دەگمەنەکانی کوردستاندا وێڵن
مەجید بتوێنی – راپەڕین
هێلانەی بازێکە لە دەڤەری راپەڕین، بێچووەکان چاوەڕێی دایک و باوکیانن خواردنیان بۆ بهێننەوە، بەڵام رەنگە چاوەڕوانییان درێژە بکێشێت ئەگەر بێت و لەلایەن راوچییەکانەوە راو بکرێن.
تەنیا راوچییە کوردەکان نین، بەڵکو راوچی وڵاتانی عەرەبیش بەناوی گەشتکردنەوە فێری راو بوون لە شاخەکانی کوردستان.
لە ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا، شەش کەس لەسەر راوکردنی بازەکان دەستگیرکراون کە لەناویاندا راوچی عەرەبی خەلیجی هەن، هەروەها دەستگیراوە بەسەر دوو باز و چەندین کەلوپەلی تایبەتی راوکردن.
شۆڕش کاکە فەتاح وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕین دەڵێت، پەیوەندییەکی نێودەوڵەتی هەیە لەنێوان راوچیانی باز، ئەوان بەشێوەیەکی شارەزا دێن بازەکانی کوردستان راودەکەن.
964 زانیویەتی راوچییە عەرەبەکان، ئەگەر دەستی خۆشیان نەگات بە بازەکانی کوردستان، بە پارە بەشێک لە راوچییە خۆماڵییەکان رادەسپێرن تا لە وەرزی زاووزێدا بێچووی بازەکان بگرن و دواتر بە پارەیەکی زۆر لێیان بکڕنەوە.
تایبەتمەندییەکانی بازی کوردی وای لە راوچیانی ناوخۆی و بیانی کردووە بەشێوەیەکی نایاسایی راویان بکەن.
خەلیل عەلی شارەزا و لێکۆڵەرێکی باڵندەکانە و ئاشکرای دەکات کە دوو بازی سەرەکی لە شاخەکانی کوردستان دەژین.
باز چەندین تایبەتمەندی هەیە، لە دیارترینیان لە شوێنە بەرز و سەختەکان لانە دروستدەکات، گۆشتخۆرە و بەرز دەفڕێت و بە دەنگە تۆقێنەرەکەی و چاوە تیژ و و چڕنووکە بەهێزەکانی راوی باڵندە کۆچەرییەکان دەکات، هێلکە کەم دەکات و بێچووە لاوازەکان دەکاتە خۆراکی بێچووەکانی خۆی، لە تواناشیدایە ببێتە هاوڕێی مرۆڤ.