مەرجی تەندروستیان نییە

ڤێتێرنەری گەرمیان: دووکانی مریشکفرۆشان نایاسایین

+964

میلاد جەلال – گەرمیان

ڤێتێرنەریی گەرمیان، سەربڕین و فرۆشتنی گۆشتی مریشک لە لایەن دووکاندارەکانەوە، بە نایاسایی دەزانێت و دەڵێت مۆڵەتیان نییە.

دلێر محەمەد، لێپرسراوی بەشی کوشتارگەکان لە ڤێتێرنەریی گەرمیان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە 964ى وت، بە پێی یاسا دەبێت مریشک لە سەربڕخانەکان سەرببڕدرێت، بەڵام بەھۆی خواستی ھاوڵاتیان لەسەر مریشکی فرێش و تازە، لایەنە پەیوەندیدارەکان رێگەیان بە دانانی دووکانی مریشکفرۆشی داوە.

“مریشکفرۆشەکان لە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان تۆمارنین، تەنھا خاوەن دووکانەکان لەلایەن تەندروستییەوە کارتێکی پشکنینی سەلامەتیان پێدراوە”، دلێر محەمەد وای وت.

لیژنەکان چاودێری فرۆشگاکانی مریشک دەکەن

بە وتەی ئەو بەرپرسەی ڤێتێرنەریی گەرمیان، لیژنەکان لەگەڵ هەر دەرچوونێکدا سەردانی مریشکفرۆشەکانیش دەکەن، ئەگەر گرفتێکیان هەبێت سزا دەدرێن.

لە گەرمیان یەک سەربڕخانەی ناحکومیی مریشک ھەیە، ئەویش بەھۆی ئەوەی خواستی ھاوڵاتیانی لەسەر نییە و مریشکی زیندوو نافرۆشێت، بەرھەمەکانیان رەوانەی ناوچەکانی خوارووی عێراق دەکەن.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر