لە سلێمانی بازاڕێک بەرگدرووە بە تەمەنەکانی کۆ کردووەتەوە

964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
بازاڕی مراد لە حەوزە وشکەکەی ناو بازاڕی سلێمانی بووەتە کۆکەرەوەی بەرگدرووە بە تەمەنەکان.
بازاڕەکە ساڵی 1974 دروستکراوە و نزیکەی 60 بەرگدروو بوون، بەڵام ئێستا نزیکەی 40 بەرگدروویان گیانیان لەدەستداوە و ئەوانی تریش هەر لەو بازاڕەدا ماونەتەوە و کاردەکەن.
رەزا سەعدونی، تەمەن 76ساڵ کە لە ساڵی 1967 خەریکی کاری بەرگدرووییە بۆ 964 باس لەوە دەکات، زۆربەی بەرگدرووەکان سەرەتا دوکانیان لە قەیسەری عوسمان پاشا هەبووە، بەڵام دوای ئەوەی ئەو قەیسەرییە لە ساڵی 1975 لە لایەن رژێمەوە دەسووتێندرێت، بەرگدرووەکان دوکانەکانیان دەبەن بۆ ئەو بازاڕە.
سەرەتا بازاڕەکە جگە لە دوکانی بەرگدروو چەند کۆنە فرۆشێک و دوو دوکانی بایەعی و دوکانێکی تەسجیلفرۆشی تێدا بووە، بەڵام لە ئێستادا ئەو بازاڕە هەمووی دوکانی بەرگدرووی پیاوانە.
رەزا سەعدون دەشڵێت: بەهۆی گۆڕانی ژیان زۆر کەم منداڵی بەرگدرووە بە تەمەنەکان هاتوون فێری کارەکە بن، چونکە کارەکە قورسە و داهاتیشی کەمە و گەنجان بەدوای کاری تردا دەگەڕێن.
زیاتر وتیشی “ئەو بە تەمەنانەی لەم بازاڕەدان زۆر هاوڕێی یەکین و هەموو خۆشی و ناخۆشییەکمان بەیەکەوە بەڕێ دەکەین”.

ئێستا ئەو بەرگدرووە بە تەمەنانە بۆ باشتر راییکرندی کارەکانیان شاگردی گەنجیان لە دوکاندا هەیە و هاوکاریان دەکەن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی