لە 17 بواردا كاردەكەن

سعودیە لە كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان دەكات

964+
كوردستان ئەحمەد

كۆمپانیایەكی سعودی لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان كۆبووەتەوە و دەڵێن وەبەرهێنان دەكەن لە بواری ریسایكڵین و بەرهەمی ئاژەڵی و كشتوكاڵی.

كۆمپانیاكە ناوی “نجوم ئەلفوفی”یە، شاندێكی دە كەسی بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە، لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ كۆبوونەتەوە و باسیان لە دۆخی كشتوكاڵ و بەرهەمهێنان و بەرەوپێشچونی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێم كراوە.

نوێنەری كۆمپانیاكە بە وەزارەتی كشتوكاڵی وتووە، ئامادەن لە بوارەكانی کۆنترۆلی ئافاتی کشتوکاڵی و شێوازی بەکارهێنان و توێژینەوە و رێنماییەکان و چۆنیەتی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی ئۆرگانی و ریسایکلینی پاشماوەکانی ئاژەڵی و کشتوکاڵی و رووەکی بۆ سوودوەرگرتن لە دروستکردنی پەینی ئەندام كاربكەن.

وەزیری كشتوكاڵ بە كۆمپانیاكەی وتووە، ئەوان ئامادەن ئاسانكاریی تەواو بكەن بۆ ئەوەی لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان بكەن.

كۆمپانیاكە هەر بەوەوە نەوەستاوە،  كە لەو بوارانەدا كاربكات، بەڵێنیشیان داوە لە بوارەکانی راهێنان و پەرەپێدانی تواناکانی جووتیاران و فەرمانبەران، هەروەها پێشخستنی کوالێتی و شێوازی بەرهەمهێنانی سەوزە و میوەکان بە رێگەی هایدرۆپۆنیکی و برەودان بە خانووی پلاستیکی، كار بكەن.