منداڵانی خانەقین بە ئۆتۆمبێلی کارەبایی پێشبڕکێیان کرد

964+

راژان باجەلان – خانەقین

لە خانەقین پێشبڕکێی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، کە بە پاتری 12 ڤۆڵت ئیشدەکەن، بۆ منداڵان رێکخرا، سەرپەرشتیاری پێشبڕکێکەش دەڵێت، تا ئێستا هاوشێوەی نەبووە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

زیاتر لە 20 منداڵ بەشداری پێشبڕکێکەیان کرد و کەسوکاریان لەگەڵ قایمقامی شارەکە ئامادەی نمایشەکە بوون.

ئەیاد جەبار، سەرپەرشتیاری پێشبڕکێکەیە، ئەو بە تۆڕی 964ی راگەیاند، سەرجەم کارەکان لە سەر ئەرکی خۆی ئەنجامدراوە و یەکەمجار ئەم پێشبڕکێیە لە ئەمریکا کراوە دواتریش لە خانەقین.

بڕیارە پێشبڕکێکە لە شەش پارێزگای دیکەی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت، کە ئەوانیش، بەغدا، بابل، بەسڕە، دیالە، موسڵ و کۆتاییش لە هەولێر دەبێت.

لە هەر پارێزگایەک تەنها سێ براوەی یەکەم دەچنە هەنگاوی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.

لە کۆتایی پێشبڕکێکە، خەڵات بەسەر بەشداربووان دابەشکرا و سێ براوەی یەکەم لە پێشبڕکێی کۆتایی لە هەولێر بەشداریدەکەن.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر