هەناردەی برنجی ئاکرێ بۆ دەرەوەی وڵات بووبە فەرمی
964+
توانا نەقی
بۆ یەکەم جار بە شێوەیەکی فەرمی برنج و بەرهەمی دیکەی هەرێمی کوردستان رەوانەی دەرەوەی وڵات دەکرێت.
کۆمپانیایەکی ناوخۆیی لەم هەفتەیەدا 22 تۆن بەرهەمی خۆماڵی هەناردەی وڵاتی سوید دەکات.
ئەمڕۆ شەممە 6.5.2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیجی فەرمی خۆی بڵاویکردەوە، جگە لە برنج ئەوا تەحینیش رەوانەی دەرەوە دەکرێت و لەسەر کارتۆنەکانیشیان دەنوسرێت made in Kurdistan.
لە ئاکرێ، کارگەیەک دروستکراوە بۆ بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی برنجی کوردی خاوەنی کارگەکە دەڵێت، بەرهەمەکان رەوانەی بازارەکانی ناوخۆ و دەرەوەش دەکەین.
ساڵانە جوتیارانی ئاکرێ هەزاران تۆن برنج بەرهەمدەهێنن، بەڵام هەر خۆیان دەیفرۆشنەوە و بە بازاڕی دەکەن، ئێستا کارگەیەک دروستکراوە بۆ بە بازاڕکردنی برنجەکە و هەناردەکردنی بۆ دەرەوەی وڵات بەتایبەت وڵاتانی سوید، بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا.
پێشتر ئاراس حامد، خاوەنی كارگەکە لەسەر چۆنیەتی بەرهەمهێنانی برنج و هەناردەكردنی بۆ بازاڕەكانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا قسەی بۆ 964 کردبوو.
ئەو وتبووی: پێشتر برنجی كوردی بە رێگەیەكی كلاسیك بەرهەمدەهێنرا و دەخرایە بازاڕەكانەوە، هەرچەند زۆربەی لە دەستی جوتیارەكان دەمایەوە و ساغ نەدەكرایەوە، بەڵام لە ئێستادا پاڵپشتیەكی زۆری جوتیارانی كوردستان دەكەین بە تایبەت جوتیارانی دەڤەری ئاكرێ، كە ئێمە رێژەیەكی زۆر برنجی كوردیمان لە جوتیاران كڕیوەتەوە، تاوەكو ئێستا ئەم سێ بەرهەمەی ناوچەكەمان هەناردەی دەرەوە كردووە و بەردەوامیش دەبین لەسەر ئەو كارە بۆ ئەوەی زیاتر پەرە بە بەرهەمی خۆماڵی كوردستان بدەین.