دادگای باڵای فیدڕاڵ لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان کۆ دەبێتەوە
964+
فەرمان سادق
سبەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەسەر پرسی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە.
ئەو کەیسە زیاتر لە 134 رۆژە لەبەردەم دادگای باڵای فیدڕاڵە کە سکاڵایەکە لەلایەن یوسف محەمەد، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جولانەوەی نەوەی نوێ و سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نەوێ لە پەرلەمانی عێراق، تۆمار کراوە لەدژی درێژكردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان تۆماركراوە و دادگای فیدراڵیش لە دانیشتنی 18ی كانونی یەكەمی ساڵی رابردوودا، هەموو سكاڵاكانی یەكخست.
چاوەڕوان دەکرێت دانیشتنی سبەی چوارشەممە 3.5.2023، دوا دانیشتن بێت و دادگای باڵای فیدڕاڵ بڕیاری خۆی بدات.
یەكەم دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەبارەی ئەم كەیسە لە رۆژی 18.12.2022 بەڕێوەچوو، واتە ماوەی 134 رۆژە ئەم كەیسە لەبەردەم دادگایە و هێشتا یەكلانەكراوەتەوە.
ئەگەر دادگا درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە نادەستوری ناوببات، پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە و ناتوانێت یاسای هەڵبژاردنی خولی شەشەم هەموار بكاتەوە و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمیش كارابكاتەوە.
لەم حاڵەدا دەبێت بۆ سازدانی هەڵبژاردن، لایەنە سیاسییەكانی هەرێم پەنا بۆ یاسای هەڵبژاردنی پێشوو ببەن و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق پرۆسەكە بەڕێوە ببات.
ئەمە جاری یەكەم نەبوو پەرلەمانی كوردستان تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە، لەسەرجەم خولەكاندا بەتێكڕا پەرلەمان (8) جاری تر تەمەنی خۆی درێژكردوەتەوە، ئەمەش بەهۆكاری جیاواز لەوانە شەڕی ناوخۆو شەڕی داعشو قەیرانی سیاسی ناوخۆیی.