وەزارەتی كار: داكۆكی لە مافی كرێكاران دەكەین

964+
كوردستان ئەحمەد- هەولێر

ئەمڕۆ یەكی ئایارە، رۆژی جیهانی كرێكاران، وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، كرێكارانی كوردستان رۆڵیان لە بونیادنانی وڵاتدا هەبووە و داكۆكی لە مافەكانیان دەكەین.

لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكی وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتیدا هاتووە، یەكی ئایار بەرز رادەگرین، كار لەسەر دروستكردنی یاسایی كار دەكەین كە سوودێكی زۆر بە كرێكارانی كوردستان دەگەیەنێت و بەشێكی زۆر لە مافەكانیان بەدی دەهێنێت.

دەستنیشانکردنى پشکنەرى تایبەت لەهەموو بەرێوەبەراتییەکانى کاردا بۆ بەدواداچوونى جێبەجێکردنى برگەکانى یاساى کار و دڵنیا بوون لە پارێزراوى مافى کرێکاران باشترین نموونەى داکۆکیکردنى وەزارەتمانە لەسەر هەماهەنگى و پاڵپشتیکردنى خەباتى کرێکاران. سوپاس بۆ پەرلەمانى کوردستان کە هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا هاوئاهەنگ بووە تا پرۆژە یاساى کارى هەرێمى کوردستان پەسەندکرا و بەم نزیکانە دەکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە. وەزارەتی كار وا دەڵێت.

لە بەشێكی دیكەی راگەیاندنەكەی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتیدا هاتووە، ئەم قۆناغەى هەرێمی کوردستان پێیدا تێیدەپەرێت، پێویستى بە هاوکارى و هەماهەنگى هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان هەیە بۆ دەربازبوون لە کوسپ و بەربەستەکان و جێگیرکردنى سەقامگیرى و ئارامى بۆ پەرەپێدانى پرۆسەى وەبەرهێنان و خێراکردنى پرۆسەی بەرهەمهێنان، بۆیە وەزارەت گرنگییەکى زۆر بە دانوستاندنى کۆمەڵایەتى و تیمکارى نێوان هەموو هاوبەشە پەیوەندیدارەکان دەدات و جەخت لەسەر دابینکردنى یەکەى نیشتەجێبوون و پێشکەشکردنى خزمەتگوزارییە تەندروستیەکان بۆ کرێکارە دەستەبەرکراوەکان و خانەوادەکانیان دەکات.

یەكی ئایار وەك رۆژی جیهانیی كرێكاران دەستنیشان كراوە و لە جیهاندا چەندین چالاكی لەوبوارەدا بەڕێوەدەچێت.