ئەو هەواڵەی خوێنەران چاوەڕێی نەبوون
لە مانگی ئابی 2024دا گابرێل گارسیا مارکیز دەبیننەوە
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
دوای تێپەڕینی 10 ساڵ بەسەر مردنیدا، بڕیارە مانگی ئابی ساڵی 2024 نوێترین رۆمانی گابرێل گارسیا مارکیز، نووسەری گەورەی کۆڵۆمبیا و جیهان بڵاوبکرێتەوە.
رۆمانەکە ناوی “لە ئابدا یەکتری دەبینین”ـە، کە دەبێتە 12ـهەمین رۆمانی ناوبراو.
ئەو هەواڵە بۆ خوێنەرانی ئەدەبیات و ئەو ئەدیبە کۆڵۆمبییە جێگەی شۆکە و هەمووان بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی بڵاوبوونەوەی دەکەن.
ماڵپەڕی سکای نیوزی عەرەبی ئەمڕۆ شەممە 29.4.2023 هەواڵەکەی بڵاوکردووە و دەڵێت، رۆمانەکە لە لایەن کوڕەکانی ئەو نووسەرەوە ئاشکرا کراوە و خانەی راندۆم هاوس چاپ و بڵاوی دەکاتەوە.
گابرێل گارسیا مارکیز، ساڵی 1927 لە ئاراکاتاکای کۆڵۆمبیا لەدایک بووە. ساڵی 1982 بووە بە براوەی خەڵاتی نۆبڵ. دوای ساڵانێکی زۆر ملاملانێ لەگەڵ نەخۆشی و لەبیرچوونەوە، ساڵی 2014 کۆچی دوایی کرد.
سەدساڵ تەنیایی، خۆشەویتی لە زەمەنی کۆلێرادا و پاییزی پەتریارک لە نووسراوە ئەدەبییە بەناوبانگەکانی ئەون.