پێشەنگای کتێبی سلێمانی یەک ملیۆن سەرچاوەی تێدایە
میدیازان – كوردستان ئەحمەد – هەولێر
رۆژی پێنجشەممە، ١٧ی ئەم مانگە، پێشەنگای نێودەوڵەتی کتێب لە سلێمانی دەست پێ دەکات، بڕیارە یەک ملیۆن سەرچاوەی تێدا بێت لە ١٨ وڵاتی جیاجیاوە.
پێشەنگاکە بۆ ماوەی ١٠ رۆژ بەردەوام دەبێت و ئەكادیمیای كوردی بۆ یەكەمجار بە ٣٠٠ سەرچاوەی جیاوازەوە بەشداری تێدا دەکات، زۆرترین كتێبەكانیش بەرهەمی چاپخانەكانی كوردستانن.
خەسرەو ئیسماعیل، بەرپرسی بەشی راگەیاندنی ئەكادیمیای كوردی بە میدیازانی راگەیاند، “ئەمە یەكەمجارە ئەكادیمیاكەمان بەشداری بکات لە پێشەنگای نێودەوڵەتی سلێمانی و زیاتر لە ٣٠٠ سەرچاوەی جیاوازمان هەیە بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی”.
هەروەها دەڵێت، لە پێشەنگاكەدا داشكاندنی سەدا ٥٠یان بۆ هەموو كتێبەكانیان كردووە.
ئەكادیمیای كوردی لە ساڵی ١٩٧٥ لە هەولێر دروستکراوە، دامەزراوەیەكی حوكومیە و گرنگی بە پاراستن و گەشەپێدانی زمانی كوردی دەدات.
ئەوە چوارەم ساڵی لەسەریەکە پێشەنگای نێودەوڵەتی بۆ کتێب لە شاری سلێمانی دەکرێتەوە، لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێک.