"کارگەکان دابخەین 2000 کەس بێ ئیش دەبن"

خاوەن کارگەکانی راپەڕین دەڵێن: دەرەقەتی پارەی کارەبا نایەین

دەریا محەمەد – راپەڕین

خاوەن کارگەکانی دەڤەری راپەڕین هاواریان لێ هەڵسا و دەڵێن، دەرەقەتی پارەی کارەبا نایەین.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 22.10.2026 بەشێک لە خاوەن کارگەکانی بلۆک لە چوارقوڕنە گردبووەنەوە، مستەفا عەزیز وەک نوێنەری خاوەن کارگەکان قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “لەکاتی دانانی پێوەری زیرەک و هاتنی پڕۆژەی رووناکی، رەچاوی کەرتی تایبەت نەکراوە، داوامان ئەوەیە، ئەگەر پشتگیریمان ناکەن، باجی قورسیشمان نەخرێتەسەر”.

“مەعمەل هەیە 22 ملیۆن بۆ 26 ملیۆن پارەی کارەبای بۆ هاتۆتەوە و ئاوا بڕوات، دەرەقەتی پارەی کارەبا نایەین و ناچار دەبین کارگەکان دابخەین”، مستەفا عەزیز وای وت.

وەک باسی دەکات، چیمەنتۆ و سووتەمەنیان لەسەر گران بووە و باجی شارەوانیش زیادیکردووە، ئەگەر کارگەکانیشیان دابخەن، زیاتر لە دوو هەزار کەس لە دەڤەری راپەڕین بێ ئیش و کار دەبێت.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری