" داقوق "
ماتۆڕسوارێک گیانی لەدەست دا
سیروان خورشید – خورماتوو
لەسەر رێگای گشتی کەرکوک – بەغدا لە قەزای داقوق گەنجێکی ماتۆڕسوار خۆی بە ئۆتۆمبێلێکدا کێشا و پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا.
سەمیر جاسم، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی داقوق بە 964ی وت،” رووداوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە بووە و دوای ئەوەی بریندارەکە گەیەندراوە بە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەمان، بەهۆی بەرکەوتنی سەری بە شۆستەی شەقامەکە لە کاتی پێکدادانەکەدا تووشی خوێنبەربوون بووە و سەرەڕای هەوڵەکانی پزیشک بۆ رزگارکردنی، بهڵام پاش مانەوەی بۆ ماوەیەک لە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لە دەست دا.
ئەدیب حسێن، کارمەندی بنکەی پۆلیسی داقوق بە964ی راگەیاند، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن رووداوەکە بەهۆی خێرایی زۆر و تیژڕەوی شۆفێری ماتۆڕسکیلەکەوە بووە، کاتێک لە دواوە خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلەکەدا و پاش بەدواداچوونی هاتوچۆ و لێکۆڵینەوەکان، دەرکەوتووە که شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە هیچ کەمتەرخەمییەکی نەبووە و تا ئێستا هیچ سکاڵایەکی لەسەرتۆمارنەکراوە.
پێداچوونهوه: ئهرسهلان عهبدوڵا