"زمانمان بوونمانە"
لە عامودا مامۆستایان و کەسوکاری قوتابیان دژی کەمکردنەوەی وانەی کوردی گردبوونەوە
تیمی رۆژئاوای کوردستان
مامۆستایان و کەسوکاری قوتابیانی کورد لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، شەپۆلێکی توندی ناڕەزایەتییان دژی بڕیارێکی نوێی وەزارەتی پەروەردەی سوریا دەستپێکرد، کە تێیدا خوێندنی زمانی کوردی تەنیا بۆ سێ کاتژێر لە هەفتەیەکدا سنووردار کردووە.
خۆپیشاندەران ئاماژە بە مێژووی خەباتی زمانەوانیی خۆیان دەکەن و دەڵێن “ئێمە 40 ساڵ بە نهێنی و لەژێر فشاردا وانەی کوردیمان دەوتەوە، دوای شۆڕش و لە ماوەی 15 ساڵی رابردووشدا، توانیمان زمانی کوردی بکەینە زمانی فەرمیی خوێندن لە قوتابخانە، پەیمانگا و زانکۆکاندا، بۆیە ئێستاش قبوڵی ناکەین ئەو دەستکەوتانەمان لێ زەوت بکرێت.”
ناڕەزایەتییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو لایەنانەی دەیانەوێت لەگەڵ حکومەتی ناوەندی تێکەڵ ببنەوە، هەوڵی بچووککردنەوەی پێگەی زمانی کوردی دەدەن، دیاریکردنی تەنها سێ کاتژێر لە هەفتەیەکدا بە “نادادییەکی گەورە” و “پەراوێزخستنی ناسنامەی نەتەوەیی” ناوزەند دەکەن.
ئیرشك بارافی، مامۆستاو و لێکۆڵەرن زمانی کوردی راگەیەندراوی ناڕەزایەتییەکەی خوێندەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە زمانی کوردی، زمانی نەتەوەیەکە نەک کەمایەتییەک.
سەرەڕای رەتکردنەوەی بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەی سوریا داواشی کرد، زمانی کوردی ببێتە زمانی فەرمی لە سەرانسەری سوریا لە تەک زمانی عەرەبیدا و پڕۆگرامەکانی خوێندنی کوردیش بە فەرمی بناسێندرێن.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن