ژمارەیەک خوێندکار لە یەکێک لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەردەکەون _ وێنە: 964
لە وەزارەتەوە بۆ خوێندکاران
302 رۆژ وەک ساڵنامەی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگەکان دیاری کرا
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، وادەی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی دیاری کرد کە لە 1.9.2026 وە دەستپێدەکات، بەگوێرەی ساڵنامەکە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان 302 رۆژ دەخوێنن یان پشوو وەردەگرن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 30.8.2026، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە گشتاندنێکی فەرمیدا بۆ سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان، ساڵنامەی خوێندنی بۆ ساڵی ئەکادیمیی (2026 – 2027) دیاریکرد.
بەپێی نوسراوەکە، ساڵی نوێی خوێندن لە 1.9.2026 دەستپێدەکات و لە 30.6.2027 کۆتایی دێت، وە سیستەمی ساڵانە و وەرزی، ماوەی خوێندنی ساڵانە نابێت لە 30 هەفتە کەمتر بێت.
وە سیستەمی وەرزی، پێویستە ماوەی خوێندن بۆ هەر وەرزێک لە 15 هەفتە کەمتر نەبێت (بەبێ هەژمارکردنی رۆژانی پشوو و تاقیکردنەوەکان)
بەڵام، لە سیستەمی پڕۆسەی بۆلۆنی، ماوەی هەر وەرزێکی خوێندن دەبێت لانیکەم 20 هەفتە بێت، بە شێوەیەک لایەنی کەم 14 هەفتەی بۆ پرۆسەی خوێندن تەرخان بکرێت و هەفتەکانی دیکە بۆ خۆتۆمارکردن و تاقیکردنەوەکان بێت.
سیستەمی سێ وەرزی، ماوەی هەر وەرزێکی خوێندن دەبێت بەلایەنی کەمەوە 13 هەفتە بێت، کە لانیکەم 10 هەفتەی بۆ خوێندن و هەفتەکانی دیکە بۆ خۆتۆمارکردن و ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان تەرخان دەکرێت.
وەزارەتەکە دەڵێ، تاقیکردنەوەکانی سیستەمی بۆلۆنیا، لەو زانکۆ و پەیمانگانەی پڕۆسەی بۆلۆنیا پەیڕەو دەکەن، خوێندکار لە ماوەی یەک ساڵی ئەکادیمی خوێندندا تەنیا بۆی هەیە دوو هەوڵی تاقیکردنەوەی کۆتایی ئەنجام بدات.