لە گوندێکی عەربەت

کەوتنەخوارەوەی تەنێک سێ مەتر قوڵایی دروستکردووە


بڕوا مەجید – عەربەت

​ئەمڕۆ هەینی، کەوتنەخوارەوەی تەنێکی نامۆ لە سنووری ناحیەی عەربەت و لە گوندی قسرتی خواروو دانیشتووانی ناوچەیەکی بەخەبەرهێناوە، جگە لەوەی بە قوڵی سێ مەتر چاڵێکی گەورەی دروستکردووە.

​ئەمیرحاجی ئەحمەد، کە یەکێکە لە شایەتحاڵەکانی رووداوەکە لە گوندی قسرتی خواروو سەر بە ناحیەی عەربەت، بۆ 964 وتی، کاتژمێر 6:00ی بەیانیی ئەمڕۆ، دەنگێکی زۆر بەهێز لە سنووری گوندەکەمان بیسترا، کاتێک چوینە سەربانەکان بۆ بینینی سەرچاوەی دەنگەکە، بینیمان تەنێکی نامۆ لەناو زەوییە کشتوکاڵییەکانی تەنیشت گوندەکەمان کەوتووەتە خوارەوە.

بەهۆی بەرکەوتنی ئەو تەنە بە زەوییەکە، چاڵێک بە قووڵایی نزیکەی 3 مەتر دروستبووە و سیمای زەوییە کشتوکاڵییەکەی بە تەواوی شێواندووە، سەرەڕای بەهێزیی دەنگەکە و قەبارەی چاڵەکە، هیچ پارچەیەکی دیاری تەنەکە لە شوێنی رووداوەکەدا دەرنەکەوتووە.

​ئەمیر حاجی ئەحمەد وتی، رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی و مادی لێنەکەوتووەتەوە، بەڵام بووەتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر، بە شێوەیەک دانیشتووانی گوندەکە لە ترسی دەنگی تەقینەوەکە هەموویان لە ماڵەکانیان هاتوونەتە دەرەوە.

​تا ئێستا لایەنە پەیوەندیدارە فەرمییەکان هیچ روونکردنەوەیەکیان لەسەر سروشت و ناسنامەی ئەو تەنە نامۆیە بڵاونەکردووەتەوە کە لەو ناوچەیە کەوتووەتە خوارەوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا