چیرۆکی هاوکار و تریسکە

تازە ئەوان توشبوون، شەڕەکە بۆ ئەوەیە منداڵەکانیان بپارێزن


دەریا ئەحمەد – کۆیە

هاوکار و تریسکە کە هەردووکیان خاوەن پێداویستی تایبەتن و کێشەی تەندروستیان هەیە، سێ ساڵ لەمەوبەر بڕیار دەدەن بەیەکەوە ژیانی هاوسەری پێکبهێنن، ئێستا خێزانێکی چوار کەسین کە هەموویان پێویستیان بە کڕینی دەرمان و سەردانی پزیشکە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەک خۆیان دەڵێن، بەیەکەوە ئاسوودەن.

هاوکار مەغدید کە تەمەنی 40 ساڵە بە 964ـی وت، تا تەمەنی 25 ساڵی هیچ کێشەم نەبوو، تەنانەت تا پۆلی 12ـەشم تەواو کرد، بەڵام لەدوای ئەو تەمەنەوە ئیتر توشی گرژبوونی ماسولکە بووم و لە قاچەکانم کەوتم.

هاوکار و هاوژینەکەی، بە موچەی خاوەن پێداویستی تایبەتی ژیانیان بەڕێوەدەبەن کە 150 هەزار دینارە، ئەوەش تەنیا خەرجی دەرمان و پێداویستیە پزیشکییەکانیانە، بەڵام هەر مانگێک سەردانی پزیشک بکەن، نزیکەی 800 هەزاریان پێویستە و بۆیە ناچارن قەرز بکەن.

تریسکە زرار کە تەمەنی 31 ساڵە دەڵێت، لە تەمەنی دوو ساڵ و نیووەوە منیش توشی گرژبوونی ماسولکە بووم، بەڵام دووای ئەوەی مناڵی یەکەمم لە دایک بوو، وا ساڵێک و نۆ مانگە بە یەکجاری لەقاچ کەوتووم و پزیشکەکان پێیان وتم سامامەیەکی دڵت خوێن دەگەڕێنێتەوە، ئەو وتی، خوشکێکی هاوسەرەکەم هاوکارمە لە بەخێوکردنی منداڵەکانم ئەگینا زەحمەتی زیاترمان توش دەبوو.

وازمان لە هەموو خەون و ئاواتێکی خۆمان هێناوە تەنیا دەمانەوێت مناڵەکانمان لە هیچیان کەم نەبێت، بەڵام حەزیش دەکەین ئەگەر بۆمان بڕەخسێت خانوێکی خۆمان هەبێت و وەک هەموو ژنێکی تر حەزم لە ماڵی خۆمە.

ئێستا هاوکار و تریسە لە ژوورێکی ماڵی باوکی هاوکار دا دەژین و وەک خۆیان دەڵێن پێویستمان بە هاوکاری خێرخوازانە، چونکە موچەی خاوەنپێداویستی تایبەتی بەشی کەسێکی ئاسایی ناکا، هاوکار مەغدید وتی، ئێمە بە دوومنداڵەوە کە ئەگەر بەردەوام لەژێر چاودێری پزیشک نەبن هەمان دۆخی خۆمانیان بەسەر دێت کە ئێمەش نامانەوێ ئەو نەهامەتیەیی خۆمان ببینن.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا