هۆشداری دەدرێتە دانیشتووانی قەڵادزێ

لێڵیی ئاوی زێی بچووک پڕۆژەی ئاوی خاسی راگرت

964+

وریا فەتاح

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی قەڵادزێ ئاگاداری دانیشتووانی شارەکە دەکاتەوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی لێڵیی ئاوی زێی بچووک، پڕۆژەی ئاوی “خاس” لەکارکەوتووە و دابەشکردنی ئاو تووشی گرفت بووە.

بەگوێرەی ئاگادارییەک کە ئاراستەی دانیشتووانی قەڵادزێ کراوە، تیمەکانی پڕۆژەی ئاوی خاس و میراوەکان لە هەوڵدان بۆ ئەوەی لە رێگەی ئاوی عەمبارکراوی کۆگاکان و سەرچاوەی ئاوی هەڵشۆوە، پرۆسەی دابەشکردنی ئاو بەردەوامی پێبدەن.

ئەوەش خراوەتەڕوو، بەهۆی ئەو دۆخەوە ئەگەری گۆڕانکاری لە خشتەی دابەشکردنی ئاوی گەڕەکەکان هەیە و بەگوێرەی ئەو بڕە ئاوەی کۆکراوەتەوە دابەشکردنەکە ئەنجام دەدرێت.

فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ داوا لە هاوڵاتیان دەکات دەست بە ئاوەوە بگرن و زیادەڕۆیی تێدا نەکەن، تاوەکو بتوانرێت بەشە ئاو بگەیەنرێتە تەواوی گەڕەکەکان.

هاوکات هۆشداریش دراوە، لە ئەگەری روون نەبوونەوەی ئاوی زێی بچووک، بۆ سبەی سێشەممە شارەکە تووشی گرفتی بێ ئاوی دەبێتەوە.

پڕۆژەى ئاوى خاس، چوار حەوزى هەیە، کە دواى پاڵاوتنى ئاوەکە ئاوى ئامادەکراو بۆ دابەشکردنیان تێدایە، دوو حەوز لە ناو پڕۆژەى ئاوى خاسدایە و دوو پڕۆژەکەى دیکە لە پشتى قەڵادزێن و هەر حەوزیک 10 ملیۆن لیتر ئاو لەخۆ دەگرێت.

بەوتەى ئەندازیار مارف مەحمود بەرێوەبەرى پڕۆژەکە کە بۆ 964 قسەى کردووە،”لە وەرزى زستاندا، دانیشتووانى قەڵادزێ رۆژانە پێویستیان بە 20 ملیۆن لیتر ئاو هەیە و لە وەرزى هاویندا خواستەکە بۆ سەرووى 30 ملیۆن لیتر بەرز دەبێتەوە سەرپەرشتیارى پڕۆژەى ئاوى خاسى قەڵادزێ واى بە 964 وت”.

پرۆژەی ئاوی خاس لە قەڵادزێ لە یەك كاتژمێردا توانای بەرهەمهێنانی دوو ھەزار و 800 مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی هەیە و لە باری ئاساییدا رۆژانە 31 ھەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن بۆ نزیكەی 90 ھەزار هاوبەشی ئاو لە شاری قەڵادزێ دابین دەكات.

پڕۆژەى ئاوى خواردنەوەى قەڵادزێ وەستا

پڕۆژەى ئاوى خواردنەوەى قەڵادزێ وەستا