لە سۆران، دهۆک و نەینەوا
سنووری چوار قەزا لە مەترسییەکانی بارانی ئەمشەو ئاگادار دەکرێنەوە
964+
فەرهاد حەسەن
بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی ئاکرێ، هاوڵاتیانی سنوری چوار قەزا ئاگادار دەکاتەوە کە بەهۆی باران بارینەکەی ئەمشەو پارێزگاری لە سەر و ماڵیان بکەن، چونکە دەڵێت، پێشبینییەکانی کەشناسی ئاماژە بە بارانێکی بەخوڕ و بەهێز لە سنوری ئەم قەزایانە دەکات.
قەزاکان بریتین لە ئاکرێ و بەردەڕەش لە پارێزگای دهۆک، تلکێف لە نەینەوا و مێرگەسۆیش لە ئیدارەی سۆران.
بەرگری شارستانی بە هاوڵاتیانی ئەم شوێنانە دەڵێت، لە شوێنە بەرز و شاخاوییەکان ئاگاداری بەربوونەوەی تاشەبەردەکان بن و ئەگەر زۆر پێویستیش نەبن ئەمشەو لە ماڵەکانتان مەچنە دەرەوە.
بە شۆفێرانیش دەڵێت، لە هەر جادە و بانێک ئەگەی بینیتان ئاستی ئاوی باران بەرزبووەوە نەکەن هاتوچۆ بکەن چونکە بە ئاسانی دەرباز نابن، ئەو ماڵانەشی کەوتوونەوتە نا دۆڵ و نزماییەکان ئاگاداری خۆیان بن و لە ئەگەری هەستانی ئاو رێگایەکی جێگرەوە بدۆزنەوە.
ئەگەر لە حاڵێکدا ئاو چووە ناو ماڵەکانتان بەپەلە هێڵەکانی کارەبا لە پلاکی سەرەکی بکوژێننەوە، ئەوانەشی ئاژەڵدارن وریای ئاژەڵەکانیان بن بەتایبەتیش لەو شوێنانەی کە ئاوڕێژن.