مریشک خۆی نا، نرخەکەی دەفڕێت
964+
دیلان محەمەد جەزا
نرخی مریشک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان فڕیوە و بۆ هەر کیلۆیەک 600 دیناری چووەتە سەر، کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان هۆکارەکەی بۆ گرانبوونی جوچک دەگەڕێنێتەوە.
ئێستا نرخی یەک کیلۆ مریشک بە دوو هەزار و 250 دینارە، بە بەراورد بە سێ مانگی رابردوو 600 دیناری چووەتە سەر.
نازم عەبدوڵا سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکانی سلێمانی بە تۆڕی 964ی راگەیاند، “راستە نرخی یەک کیلۆ مریشک بە دوو هەزار و 250 دینارە، بەڵام سێ هەزار و 250 دینار لەسەر خاوەن کێڵگەکان دەکەوێت”.
ئەوەی خستەڕوو، ھۆکاری گرانبونی نرخی مریشک دەگەڕێتەوە بۆ گرانبوونی نرخی جوچك، ئێستا نرخی هەر یەک دانەیان نزیکەی 60 سەنتە (نزیکەی 900 دینار)، بەڵام پێشتر 35 سەنت بوو (نزیکەی 500 دینار).
بە قسەی ئەو، گرانی نرخی جوچک بۆ گرانی نرخی سوتەمەنی و عەلەف و مەسروفاتی دیکەی کێڵگەکان دەگەڕێتەوە.
باسی لەوەشکرد، “حکومەت ھیچ ھاوکارییەکی کێڵگە پەلەوەرییەکان ناکات، لە وڵاتی ئێمەدا ئەو ھەموو مریشکە فرێشە ھەیە مریشکی بەستوی وڵاتان دەدرێت بە ھێزی پێشمەرگە و نەخۆشخانەکان”.
مریشک خواردنێکی سەرەکییە لەناو بازاڕ و ماڵەکانی هەرێمی کوردستان، بەجۆرێک ساڵانە ملیۆنان تۆنیان لێ دەخورێت.