"ئاوەڕۆیەک حەوت ساڵە جێهێڵدراوە"

دانیشتووانی گەڕەکی ئاشتی لە سەیدسادق خزمەتگوزارییان نییە و ناڕازین

964+

بڕوا مەجید – شارەزوور

دانیشتووانی گەڕەکی ئاشتی لەسەیدسادق کە زیاتر لە 300 ماڵ دەبن، کێشەی کەمی خزمەتگوزارییان هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا ئاوەڕۆکەیان حەوت ساڵە پشتگوێ خراوە و وەک خۆیان دەڵێن، مەترسی بۆ سەر ژیانی منداڵەکانیان دروستکردووە.

بیلال عەتا یەکێک لە دانیشتووانی گەڕەکەکە قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “رێگاوبان و ئاو ئاوەڕۆمان لەوپەڕی خراپی دایە، هاوینان بۆگەنی زبڵ و خاشاک هەراسانمان دەکات و لە زستانیشدا قوڕ و لیتە کە بە ماڵ و مناڵەوە دەبێت بە جزمەوە بێین و بڕۆین”.

هێمن عەلی یەکێکی دیکە لە دانیشتووانی گەڕەکی ئاشتی زۆر دڵی پڕە و دەڵێت، “لە ساڵی 2012ـەوە گیرۆدەی ئەم ئاوڕۆ تەواونەکراوەین، ساڵی 2018 چەند مەترێک ئێشیان تێدا کردووە و جێیانهێشتووە، بە حەفارە و بەشێوەیەکی نازانستیانە هەڵکەندراوە، زیاتر لە دوو مەتر قوڵە و ئەگەری هەیە لە هەر ئانوساتێکدا منداڵێک بکەوێتە ناوی”.

سەبارەت بەو بابەتە 964 پەیوەندیکرد بە رەزا محەمەد قایمقامی قەزای سەیدسادق، ئەو وتی، “ئاگاداری کێشە و گرفتەکانی ئەو گەڕەکەین، تەمویلی پڕۆژەکەی ئەوان بەهۆی کۆتایی ساڵەوە و بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران راگیراوە، بەڵام پشتگوێ نەخراوە و بودجەشی بۆ تەرخانکراوە، لە داهاتوودا هەموو کێشەکانی ئاوەڕۆ و چاککردنی رێگاوبان و لەگەڵ ئەوانەشدا درێژکردنەوەی ئاوەڕۆی سنوقی چەمی چەقان چارەسەر دەکرێن”.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

سەیدسادق ساڵیاده‌كه‌ى له‌ناو پڕۆژه‌ ته‌واونه‌كراو...

سەیدسادق ساڵیاده‌كه‌ى له‌ناو پڕۆژه‌ ته‌واونه‌كراوه‌كان ده‌كاته‌وه‌

ئاوی شارەزوور میرئاوی خانەنشین دەبێ و کێشەی بۆ دروست ب...

ئاوی شارەزوور میرئاوی خانەنشین دەبێ و کێشەی بۆ دروست بووە