هیچ شتێک لەسەر زەوى نەبووە
وەزارەتی گواستنەوە: ئەو فڕۆکەیەی لە بیابانی سەماوە بینراوە، تەنیا “خەیاڵی مانگی دەستکرد” بووە
964+
وریا فەتاح
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، وەڵامی وێنەیەکی داوەتەوە کە بەربڵاو بوو گوایە فڕۆکەیەکی وەستاو لە بیابانی وەرکا لە پارێزگای موسەننا نیشان دەدات.
وەزارەتەکە رایگەیاندووە: دوای پشکنینێکی وردی هونەری، دەرکەوتووە ئەو وێنەیە تەنها یەک گرتە بووە لە سیستەمی “گووگڵ ئێرس” و لە هیچ وێنەیەکی تردا پێشتر یان دواتر بوونی نییە.،هەروەها لە هیچ سەرچاوەیەکی تری ئاسمانیشدا دەرناکەوێت.
روونیشی کردەوە کە ئەم دیاردەیە بە “فڕۆکەی خەیاڵی” (Ghost Aircraft) ناسراوە، کە زۆرجار لە وێنەگرتنی مانگی دەستکرددا روودەدات.
وەزارەتەکە جەختی لەوە کردەوە کە ئەوەی دەرکەوتووە تەنها وێنەیەکی تێپەڕاوی فڕۆکەیەکی راستەقینە بووە لە ئاسماندا، کە مانگی دەستکردی گووگڵ لە ساتێکی دیاریکراودا و لە کاتی جووڵەی ئاسایی فڕۆکەوانیدا گرتوویەتی.
ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ وێنە فڕۆکەیەکی مەدەنی لە بیابانی وەرکای نێوان پارێزگاکانی زیقار و موسەننا لە نەخشەی گووگڵ، مشتومڕێکی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دروستکرد.