بەسەر بەشی بەرهەمهێنانی غازەوە بووە

وردەکاری لەسەر ئەو درۆنەی کە شەوی رابردوو  لەسەر کێڵگەی کۆرمۆر سوڕایەوە

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

تاوەئێستا هیچ روونکردنەوەیەک بڵاونەکراوەتەوە لەسەر ئەو درۆنەی کە شەوی رابردوو بەسەر کێڵگەی کۆرۆمۆر سوڕاوەتەوە، لەکاتێکدا هێزە ئەمنیەکان تەقەیان بە ئاڕاستەی درۆنەکە کردووە و دوای ئەوەی درۆنەکە دیار نەماوە هێزە ئەمنیەکان تاوەکو بەیانی ئەمڕۆ بە چواردەوری کێڵگەکە پشکنینیان کردوە بۆ ئەوەی ئاسەواری درۆنەکە بدۆزرێتەوە ئەگەر لە کاتێکدا بەتەقەی هێزە ئەمنیەکان کەوتبێتە خوارەوە.

بەپێی زانیاریەکانی 964 کاتژمێر 11:30ـی شەوی رابردوو درۆن بەسەر ئاسمانی بەشە نوێیکەی کێڵگەی کۆرۆمۆر کەپێی دەوترێت KM250 سوڕاوەتەوە و دەستبەجێ لەلایەن سیستەمی راداری کێڵگەکە زەنگی ئاگادار کردنەوەی G لێدراوە بۆ ئەوەی هێزە ئەمنیەکان و کارمەندانی کێڵگەکە ئاگادار بکرێنەوە لەمەترسیەکانی تەنێکی نامۆ بە ئاسمانی کێڵگەکە.

لەگەڵ لێدانی زەنگی ئاگادار کردنەوەکە هێزە ئەمنیەکان تەقەیان بەئاڕاستەی درۆنەکە کردووە و کارمەندەکانیش لەنزیک دیوارە کۆنکریتیەکان خۆیان حەشارداوە ، پاشان درۆنەکە دیارنەماوە و کارمەندەکانیش تاوەکو کاتژمێر یەکی شەو خۆیان حەشارداوە و پاشان گەڕاونەتەوە سەر کارەکانی خۆیان و بەرهەمهێنانی غاز بەهیچ شێوەیەک رانەوەستاوە.

کێڵگەی کۆرمۆر 500ملێون پێ سێجا غاز بەرهەم دەهێنیت، لەرێگای بۆریەوە رەوانەی چەمچەماڵی دەکات بۆ وێستگەکانی کارەبا وبشێکیش لەرێگای کەرکوکەوە  بۆ هەولێر رەوانە دەکرێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی