باڵەخانەى پەرلەمانى عێراق - وێنە: بۆ 964 نێردراوە
پەرلەمانی عێراق دانیشتنی هەیە
ئەمڕۆ لەبارەی كەمئەندامانی دەستی رژێمی بەعس بڕیار دەدرێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەمڕۆ چوارشەممە 27.8.2025 پەرلەمانی عێراق درێژە بە دانیشتنەكانی دەدات، یەكێك لە بڕگەكانی ئەمڕۆ، پەسندكردنی هەمواری سێیەمی یاسای قەرەبووكردنەوەی ئەو كەسانەیە، كە بەهۆی كارەكانی رژێمی بەعس بەشێكی جەستەیان لەدەستداوە.
بەپێی راگەیاندراوی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ كاتژمێر یەكی نیوەڕۆ پەرلەمان دانیشتنی دەبێت و بەرنامەی كاریان لە چەند بڕگە و بابەتێك پێكدێت.
بەپێی ئەوەی بڵاوكراوەتەوە، حەوت ماددە لە دانیشتنی ئەمڕۆ گفتوگۆ یان دەنگدانی بۆ دەكرێت.
گرنگترین بڕگەی ئەمڕۆی دانیشتنەكە، دەنگدانە بۆ پەسندكردنی هەمواری سێیەمی یاسای قەرەبووكردنەوەی ئەو كەسانەی بەهۆی كار و سیاسەتەكانی حكومەتی پێشووی بەعس بەشێكی جەستەیان لەدەستداوە، ژمارە 5ی ساڵی 2009.
هەروەها دەنگدان لەسەر یاسای تەندروستی دەروونی بەڕێوەدەچێت، ئەمە جگە لەوەی خوێندنەوە بۆ چەند یاسا و هەموارێكی دیكەش دەكرێت.