شەش مانگە رۆژی نەدیوە

ئارام هادی بەموعجیزە رزگاری بوو

+964

کاروان سالحی – کەرکوک

دوای شەش مانگ بەسەر رفاندنی، ئارام 60 هەزار دۆلارەکەی نەدا و بەسەلامەتیش لەدەستی داعش رزگاری بوو، بەڵام وەک خۆی باسی دەکات هاوڕێیەکەیانی کوشت.

ئارام هادی، ئەو گەنجە کەرکوکیەی شەش مانگ پێش ئێستا لەناوچەی جەبەل بۆر لەلایەن گروپێکی چەکدار رفێنرا، 19ـی ئەم مانگە ئازادکرا.

ئەو گەنجە تەمەن 38 ساڵییە، لەم دیمانەیەی لەگەڵ تۆڕی964 چیرۆکی رفاندن و ژیانی شەش مانگی دیلی دەگێڕێتەوە کەچۆن بە ماتۆڕسکیلێک رفاندوویانە و هەر بەو ماتۆڕەش دوای شەش مانگ لەنزیک ناحیەی لەیلان ئازادیان کردووە.

ئەو دەڵێ، ئەو برادەرەی لەگەڵیدا بووە لەلایەن “چەکدارانی داعش”ـەوە کوژرا.

بە ماتۆڕسکیلێک رفاندمیان و هەر بەو مانتۆڕەش دوای شەش مانگ لەنزیک ناحیەی لەیلان ئازادیان کردم

لەبارەی گوزەرانی لەو شەش مانگەدا، باس لەوە دەکات کە بەدەست و پێی بەستراوەوە بەزۆر نوێژیان پێکراوە، حەوت دەرزیان لێیداوە کە نازانێت دەرزی چی بووە، ئەمەش وایکردووە یەکەم کاری دوای ئازادبوونی پشکنینێکی گشتی تەندروستی بکات.

دوای دوو کاتژمێر و نیو، لەشوێنێک دایانبەزاندم لەماتۆڕەکە و چاو و دەستوپێیان کردمەوە و مۆبایلەکەیان پێدامەوە و پێیانوتم ئاوڕ نەدەیەوە.

پێداچوونەوەی: فەرمان سادق