هەڵکشانی بەهای دینار 15 ترلیۆن زیان لە عێراق دەدات

+964

فەرمان سادق

بەهۆی بەرزکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار چاوەڕوان دەکرێت 15 ترلیۆن دینار کورتهێنان لەبودجە زیاد بکات.

دوای بەرزکردنەوەی بەهای دینار لە 145 هەزار دینار بۆ 130 هەزار بەرامبەر بە 100 دۆلاری ئەمریکی، هەروەها دەستنیشناکردنی نرخی بەرمیلێک نەوت بە 70 دۆلار، چاوەڕوان دەکرێت کورتهێنان لەبودجە لە 60 ترلیۆن بۆ 75 ترلیۆن زیاد بکات.

جەمال کۆچەر، پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی964ـی وت، بەپێی ئەو زانیارییانەی تائێستا وەک لیژنەی دارایی لەسەر رەشنووسی بودجەی 2023 هەمانە، کورتهێنان لەبودجە 60 ترلیۆن دینارە، بەڵام بەهۆی بەرزکردنەوەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، کورتهێنانەکە دەگاتە 70 بۆ 75 ترلیۆن دینار.

زیاتر وتی “نابێت لەبودجە کورتهێنان 3٪ زیاتر بێت، هەروەها حکومەت ناتوانێت قەرز لەو بانکانەش بکات کە قەرزاریەتی، ئەمەش وادەکات حکومەت لەبەردەم دوو بژاردە بێت، یان خەرجییەکان کەم بکاتەوە یانیش کورتهێنان لە 60 ترلیۆن دینار بۆ 75 ترلیۆن زیاد بکات”.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەسەر بودجەی 2023ـی عێراق بڵاوکراوەتەوە ئەوەیە کە نرخی بەرمیلێک نەوت بە 70 ۆدلار هەژمار کراوە، ئەمەش لەکاتێکدایە نرخەکەی لەبازاڕ سەرووی 80 دۆلارە.

چاوەڕوان دەکرێت لەسەرەتای مانگی داهاتوو پڕۆژەی بودجە رەوانەی پەرلەمانی عێراق بکرێت.