عەبدولـلەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری ئێستای عيَراق
رێوشوێن بگرنەبەر
سەرۆکایەتى کۆمار: هێرشەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەولێر و دهۆک سەرکۆنە دەکەین
964+
وریا فەتاح
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکانى سەر کێڵگە نەوتییەکانى هەرێم دەکات، داواش لە حکومەتى فیدڕاڵى و حکومەتى هەرێم دەکات کە کە رێوشوێنی بەپەلە بگرنەبەر بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەران.
ئەمڕۆ سێشەممە 15.7.2025، فەرمانگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: “سەرۆکایەتی کۆمار ئیدانەی هێرشکردنە سەر کێڵگەکانی نەوتی خورمەڵە لە هەولێر و سەرسەنگ لە دهۆک و ناوچەکانی دیکە دەکات.”
“دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشە ئاشکرایانە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری وڵات و پایەکانی ئابووری لاواز دەکات و بەرژەوەندییە گشتییەکانی دەوڵەت دەکاتە ئامانج و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی هاووڵاتیان”، سەرۆکایەتى کۆمار وا دەڵێت.
جەختی لەوەشکردەوە کە ئەم دۆخە “پێویستی بە هەوڵی زیاترە بۆ پاراستنی دامەزراوە ئابوورییەکانمان و دابینکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ کارکردنی کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان لە وڵاتدا.”
داواش لە لایەنە ئەمنییەکانى حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم دەکات کە رێوشوێنی گونجاو و بەپەلە بگرنەبەر بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشە “تیرۆریستی”انەی کە هەڕەشە لە ئابووری عێراق و ئاسایش و سەلامەتی هاووڵاتیانی دەکات.