تێکەڵی کۆمەڵگە دەکرێن
خاوەن پێداویستی تایبەتەکانی هەڵەبجە هەفتانە رۆژێک وەرزش و دوو گۆڵی دەكەن
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
خاوەن پێداویستی تایبەتەکانی هەڵەبجە لە رێگەی وەرزشەوە تێکەڵی کۆمەڵگە دەکرێن، ئەوانیش رۆژی ئەنجامدانی چالاكییە وەرزشییەكان بە خۆشترین رۆژی خۆیان دەزانن.
رێکخراوی کەمئەمدامانی هەڵەبجە، ماوەی چەندین ساڵە خولی هاوینە بۆ منداڵە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی سنوورەکە دەکەنەوە، بەڵام ئەم هاوینە بۆ یەكەمجارە لە هەفتەیەکدا رۆژێکیان تەرخانکردووە بۆ ئەوەی منداڵەکان بهێننە ناو یاریگە و یارییە وەرزشییەکان لە دەرەوەی بینای رێکخراوەكەدا ئەنجام بدەن.
سارینا سامان، كچێكی خاوەن پێداویستی تایبەتە و بە 964ی وت، حەزی لە وەرزشە، لە خولەكەشدا وانەی هونەر و دەرسەكانیان دەخوێنن، هەروەها چالاكی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن، سوودی زۆری لەو خول و چالاكییانە وەردەگرێت، بەڵام خۆی زیاتر حەزی لە وەرزش و هونەرە.
مەریوان وەهبی، سەرۆکی رێکخراوی کەمئەندامانی هەڵەبجە لە بارەی چالاكییەكانیان بە 964ی وت، وەرزی هاوینان پێویستە زیاتر ئاگایان لەو منداڵە خاوەن پێداویستیە تایبەتانە بێت، لە رووی دەروونی كۆمەڵاتییەوە زیاتر بایەخیان پێبدرێت.
وتیشی، “ئەم هاوینە جگە لە چوار رۆژی وانەی دەروونی و كۆمەڵایەتی و متمانەبەخۆبوون، رۆژانی پێنجشەممەش دەیانبەین بۆ یاریگە و فێری یاری و وەرزشیان دەكەین”
964 تێبینیی ئەوەی كرد، کەیسی منداڵەکان جیاوازە، بەشێکیان بە چاو هەست بە گرفتەکانیان دەکرێت، بەڵام بەشێکی دیکەیان رەفتار و هەڵسوکەوتیان، یاخود گرفتی دواکەوتنی گەشەیان لە منداڵێکی ئاسایی جیای کردوونەتەوە، بەڵام هەموویان پێویستیان بە راهێنانە بۆ ئەوەی تێکەڵی منداڵی ئاسایی و کۆمەڵگە ببەن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا