لەلایەن لایەنگرانەى بەرەى تورکمانییەوە

رێگاى هەولێر بۆ کەرکوک داخرا

964+

کاروان ساڵحى- کەرکوک

کەمێک لەمەوبەر، بەهۆى خۆپیشاندانەوە رێگاى هەولێر بۆ کەرکوک لە پردێ داخرا و هاتوچۆ پەکى کەوتووە.

بەپێى زانیارییەکانى پەیامنێرى 964، خۆپیشاندەران لایەنگرانى بەرەى تورکمانین و لەشەوى رابردووەوە هەڵمەتى ئەنجامدانى خۆپیشاندانیان دەستپێکردووە و ئەمڕۆ یەکشەممە لەسەر پردى پردێ کە رێگاى هاتوچۆى هەولێرە بۆ کەرکوک، دایانخست و داخرا.

لەئێستادا هاتوچۆ لە نێوان هەولێر و کەرکوک پەکى کەوتووە و ژمارەیەکى زۆرى ئۆتۆمبێل لەسەر رێگاکە وەستاون و قەرەباڵغییەکى زۆر دروست بووە.

بەپێى زانیارییەکانى پەیامنێرى 964، خۆپیشاندانەکە لەسەر ئەوەیە کە بەرەى تورکمانى دەیانەوێت پۆستى بەڕێوەبەرى شارەوانى پردێ وەربگرن و دەڵێن: ئیستیحقاقى خۆمانە کە لە پۆستى بەڕێوەبەرى شارەوانى و ناحیە و پۆلیس یەکێکمان پێبدرێت.

بەوتەى سەرچاوەیەکى بەرپرس لە پردى کە بۆ 964 قسەى کردووە، ئێستا هەرسێ پۆستى ( بەڕێوەبەرى شارەوانى، ناحیە و بەڕێوەبەرى پۆلیس)، لەلاى پێکهاتەى کوردن، بەڵام لەسەرووبەندى ئاڵوگۆڕى پۆستى بەڕێوەبەرى شارەوانى کە بڕیارە کەسێکى تر لە پێکهاتەى کورد دابنرێت، بەرەى تورکمانى ئەوەى کردووە بە دەرفەت و دەیەوێت ئەو پۆستە بۆخۆى ببیات.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

ئایا بازگەی هەولێر - شێراوە داخراوە؟

ئایا بازگەی هەولێر - شێراوە داخراوە؟