بەبێ ناوهێنانى لایەنى هێرشکار

عێراق لەسەر هێرشە درۆنییەکەى بەرەبەیانى ئەمڕۆ هاتە دەنگ

964+

وریا فەتاح

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، ژمارەیەک بنکەی سەربازیی عێراق کرانە ئامانجی هێرشی درۆنیی خۆکوژى، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانیش دەڵێت، دوو سیستمى راداریان لەکارکەوتووە و هەوڵی هێرشکردنە سەر چوار بنکەی دیکە پووچەڵکراوەتەوە، بەبێ ناوهێنانى لایەنى هێرشکاریش دەڵێت، ئەو کردەوانە بێ سزا تێناپەڕن.

سەباح نوعمان، وتەبێژى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانى عێراق رایگەیاند: کاتژمێر 02:15 بۆ 03:45ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 24ـی حوزەیرانی 2025، بە درۆنى خۆکوژى هێرشکراوەتە سەر ژمارەیەک بنکەى سەربازى عێراق.

ئاشکراشى کردووە، دوو سیستمی رادار لە سەربازگەی تاجی لە باکووری بەغدا و بنکەی ئیمام عەلی لە پارێزگای زیقار، زیانی گەورەیان بەرکەوتووە، بەڵام وەک دەڵێت، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە.

باس لەوەشکراوە، هێزە عێراقییەکان توانیویانە رووبەڕووی هێرشی سەر چوار بنکەی دیکە ببنەوە و درۆنەکان بخەنە خوارەوە.

وتەبێژەکە جەختیکردووەتەوە، سەرجەم ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج، بنکەی سەربازیی تەواو عێراقین و لەلایەن ئەفسەران و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن.

“محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، فەرمانیکردووە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای تەکنیکی و هەواڵگری بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە و دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی”، وتەبێژەکە وا دەڵێت.

وتەبێژەکەی سودانى ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەم کردەوە تاوانکارییە غەدارانە بێ سزا تێناپەڕێت و هێزە چەکدارەکانیان وەک قەڵغانی پۆڵاینی عێراق دەمێننەوە بۆ بەرگریکردن لە گەل و خاک و سەروەرییان.

هەرچەندە زۆر قسەى لەبارەى هێرشەکانەوە کردووە، بەڵام لایەنى هێرشکارى باس نەکردووە و وەک دەڵێت، لێکۆڵینەوە دەکەن.

لە هەولێر درۆنێکی بۆمبڕێژکراو خۆی بە باڵەخانەیەکی مەد...

لە هەولێر درۆنێکی بۆمبڕێژکراو خۆی بە باڵەخانەیەکی مەدەنیدا کێشا