بنیامین ناتانیاهۆ، وێنە: سۆشیاڵ میدیا
شەڕ وەستا
بە نێوەندگیریی ئەمریکا؛ ئیسرائیل بە ئاگربەست لەگەڵ ئێران رازی بوو
964+
وریا فەتاح
ئیسرائیل پشتڕاستی دەکاتەوە کە رەزامەندیی لەسەر پێشنیازی ئەمریکا بۆ ئاگربەستێکی دوولایەنە لەگەڵ ئێران دەربڕیوە، بەڵام هۆشداری دەدات کە “بە توندی وەڵامی هەر پێشێلکارییەک دەداتەوە”.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، سەرۆک وەزیران لەگەڵ کابینەی حکومەت، وەزیری بەرگری، سوپاسالاری سوپا و سەرۆکی مۆساد کۆبووەتەوە “بۆ ئەوەی رایبگەیەنێت کە ئیسرائیل گەیشتووە بە هەموو ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنی ‘شێری هەستاو’، بەڵکو زیاتریش”.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئیسرائیل هەڕەشەیەکی بوونیی دەستبەجێی دوولایەنەی نەهێشتووە، هەم لە بواری ئەتۆمی و هەم لە بواری مووشەکی بالیستیدا.
بەگوێرەی بەیاننامەکە، ئۆپەراسیۆنەکە چەند دەستکەوتێکى گرنگى هەبووە، بەتایبەت کۆنترۆڵکردنى تەواوەتى ئاسمانى تاران و زیانگەیاندنى قورس بە سەرکردایەتى سەربازى ئێران و پێکانى دەیان ئامانجى حکومەتى ئێران.
ئیسرائیل لە بەیاننامەکەیدا سوپاسی دۆناڵد ترەمپ و ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکات بۆ پشتیوانییان لە بواری بەرگری و بەشداریکردنیان لە نەهێشتنی هەڕەشەی ئەتۆمیی ئێران.
هەروەها، ئیسرائیل رەزامەندیی لەسەر پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئاگربەستی دوولایەنە دەربڕیوە، دەشڵێت: ئیسرائیل بە توندی وەڵامی هەر پێشێلکارییەکی ئاگربەستەکە دەداتەوە.