ته‌وافى ماڵئاوایی دوایین رێوڕه‌سم بوو
سعودیە سەرکەوتنی وەرزی حەجی ئه‌مساڵى راگەیاند
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
لیژنەی حەج و عومرەی سعودییە سەرکەوتنی وەرزی حەجی ئەمساڵی راگەیاند و ده‌ڵێت، وڵاتەکەی شانازی بەو خزمەتکردنه ده‌كات كه بۆ شوێنە پیرۆز و حاجیهكانەوە دەیکات، هه‌ر ئه‌مڕۆش ئامادەکارییەکانى بۆ وەرزی ساڵی داهاتووى حه‌جكردن دەستپێكرد.
شازادە سعود بن میشال، جێگری ئەمیری مەککە رایگەیاند، حەجی ئەمساڵ لە رووی ئاسایش و تەندروستی و خزمەتگوزاری سەركەوتوو بوه، سوپاسی هەموو ئەو كەسانەشى كرد كە بەشداربون لە سەركەوتنی پڕۆسەكهی ئەمساڵیان.
وتیشی “سوپاسی سەرجەم حاجییان و میوانانی ماڵی خودا‌ش ده‌كه‌ین كە بەشداربوون لەو سەركەوتنە بەهۆی پابەندبونیان بە رێنماییەكانی حەج”.
ئه‌مڕۆ حاجیان له وڵاتى سعودیه به ئه‌نجامدانى تەوافى ماڵئاوایی کۆتایی هاتنی رێوڕەسمەکەیان راگه‌یاند و به‌هۆیه‌وه مزگەوتی گەورەی مه‌ككه هاتوچۆیه‌كی زۆری بەخۆیەوە بینی.
به‌پێی داتا فه‌رمییه‌كان كه پێشتر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى حه‌ج و عومره‌ى هه‌رێم بۆ وەرزی حەجى ئه‌مساڵ بڵاویكردبووه‌وه، پێنج هەزار و 120 کەس له هه‌رێمى كوردستانه‌وه سه‌ردانى سعودیه‌یان كردووه، دیاریكردنى ئەم ژمارەیە بۆ هه‌رێمی كوردستان، بەگوێرەی رێنماییەکانی ئه‌م وڵاته رێکخراوە کە بۆ هەر ملیۆن کەس، هەزار کەس دیاریکراوە.