ئێوارەی ئەمڕۆ شاندی حکومەتی هەرێم دەچێتە بەغدا
بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر پرسەکانی بودجە و یاسای نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، شاندی حکومەتی هەڕێمی کوردستان دەچێتە بەغدا.
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند: لەسەر بریار و راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە بەرەو بەغدا بەرێدەکەوین.
ئەمە یەکەم سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەغدا دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵ لەبارەی بە نایاسایی ناساندنی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام تا ئێستا دیارنییە ئەندامانی شاندەکە کێ دەبێت.
سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ئەوەشی روونکردۆتەوە سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەردانە فەرمیەکانی حکومەتی هەرێمە بۆ بەغدا بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتن دەربارەی یاسای نەوت و غاز و بودجە و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و چەندین بابەتی تر.