هاوسەرەکەی و دوو منداڵیشی بەسەختی برینداربوون
لە رووداوێکی هاتوچۆ دا لەخورماتوو دایکێک گیانی لەدەست دا
964+
سیروان خورشید – خورماتوو
درەنگانی شەوی رابردوو لەسەر رێگەی کەرکوک – بەغدا ئۆتۆمبیلێک و ماتۆڕسکیلێکی سێ تایە لە نزیک ناحیەی سلێمان بەگی سنووری خورماتوو بەیەکیاندادا و کەسێک گیانی لەدەست دا و سێ کەسی دیکەش بە سەختی برینداربوون.
عەقید موئەیەد عەباس، بەڕێوەبەری هاتوچۆی خورماتوو بە 964ـی وت، “رووداوەکە درەنگانی ئەمشەو لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی جۆری جارجەر و ماتۆڕسکیلێکی سێ تایە روویداوە، کاتێ ئۆتۆمبێلی جۆری جارجەڕەکە لەکەرکوکەوە بەئاڕاستەی بەغدا رۆیشتووە و لەوکاتەدا ماتۆڕسکیلەکە ویستوویەتی لە جادە گشتیەکە بپەڕێتەوە بۆ ناحیەی سلێمانبەگ، بەڵام ئۆتۆمبێلەکە کۆنتڕۆڵی لەدەست داوەو بە خێراییەکی زۆر خۆی بەماتۆڕسکیلەکەدا کێشاوە.
وتیشی، لەرووداوەکەدا دایکێک گیانی لەدەست دا و هاوسەرەکەی و دوو منداڵی دیکەشی بەسەختی بریندابوون و بەهۆی سەختی برینەکەیانەوە دەستبەجێ رەوانەی نەخۆشخانەی ئازادی کەرکوک کراون.
باسی لەوەشکرد، لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە کە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە، لەژێر کاریگەری مادەی کحولیدا بووە و لەناو ئۆتۆمبێلەکەشیدا دەستبەسەر ژمارەیەک بوتڵی مادە کحولییەکاندا گیراوە و خۆشی بریندارە و لەنەخۆشخانەی گشتی قەزاکەیە”.
ئەو ژنەی گیانی لەدەستداوە تەمەنی 58 ساڵە و دانشتووی ناحیەی سلێمانبەگن، باوکەکە و هەردوو منداڵەکەشی لەژێر چاودێری چڕی پزیشکدان و تائێستا بێ هۆشن.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر