سەرۆکی لەسەر کار لادراو بەیاننامەی دەرکردووە
تێلیگرامی سەرۆکایەتی سوریا هێشتا لای بەشار ئەسەد ماوە
964+
ژووری هەواڵ
چەناڵی تێلیگرامی سوریا هێشتا لای بەشار ئەسەد ماوە و کەمێک لەمەوبەر بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت پلانی نەبوو سوریا جێبهێڵێت.
لە بەیاننامەکەدا کە بەناوی بەشار ئەسەدەوە نووسراوە، هاتووە ”هەتا بەرەبەیانی رۆژی 8ی مانگ لە سوریا مامەوە، پلانم نەبوو وڵات جێبهێڵم، چوومە بنکەی سەربازی حەمیم بۆ ئەوەی لەوێوە سەرپەرشتی هێزە چەکدارەکان بکەم، بەڵام کە بنکەکە بۆردومان کرا، روسەکان بڕیاریان دا فەرماندەکان بنکەکە چۆڵ بکەن و بە هۆی ئەوەوە روومکردە مۆسکۆ”.
رۆژی 8.12.2024 دیمەشق کەوت و رژێمەکەی ئەسەد رووخا، هەموو میدیا فەرمییەکانی دەوڵەت کەوتنە دەست تیمەکەی ئەحمەد شەرع، بەڵام تێلیگرام لەبەر ئەوەی روسییە، دەرکەوت هەر لای تیمەکەی بەشار ئەسەد ماوەتەوە.
هەتا یەک رۆژ پێش ئەوەی رژێمەکەی ئەسەد بڕوخێت، ئەو تێلیگرامە سەرسەختانە داکۆکی لە رژێم دەکرد و رۆژی 7ی مانگ لەسەر ئەو چەناڵە نووسراوە: ”هەرچی هەواڵێک بڵاودەکرێتەوە لە بارەی ئەوەی بەشار ئەسەد وڵاتی جێهێشتبێت، درۆیە”، کەچی چەند کاتژمێرێک دوای ئەم پۆستە بەشار ئەسەد لە سوریا نەماوە.