ژمارەیەک کەس وەک پێشمەرگە
12ساڵە ناویان گەڕاوەتەوە تاکو ئێستا موچەیان وەرنەگرتوە
+964
ئاکام غەفور-سۆران
120 هاوڵاتی سۆران لە ساڵی 2012ـەوە ناویان گەڕاوەتەوە و ناسنامەى پێشمەرگایەتیشیان بۆ دەرهێنراوە، بەڵام تاکو ئێستا نە موچەیان وەرگرتوە نە دەوامیان کردووە.
ئەو کەسانە دانیشتووى سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانن، ساڵى 2012 ناویان لە فەرماندەی هەڵگورد هاتۆتەوە، بەپێی نوسراوێک کە لای خۆیان هەیە هەم ناویان هەیە لە وەزارەتە و هەم ناسنامەى پێشمەرگایەتیان بۆ هاتۆتەوە، هەم ساڵانەش پلەیان بۆ دەگەڕێتەوە، بەڵام بێموچەن.
فەرهاد سەلیم، یەکێکە لەو هاوڵاتیانە و قسەی بۆ 964 کردوە و دەڵێت، بەپێی فەرمانی فەرماندەی هەڵگورد بە ژمارە 999 لە ساڵی 2012 ناومان گەڕاوەتەوە، دواتر بەشدارى شەڕى داعشمان کرد، بەڵام تاکو ئێستا موچەمان وەرنەگرتوە و دەوامان نەکردوە.
داواش دەکات کێشەکەیان چارەسەر بکرێت، چونکە وەکخۆیان دەڵێن بەهۆى ئەوەوە ناتوانن لە هیچ شوێنێکى دیکە دابمەزرێن.
رێباز برایم کە یەکێکى ترە لەو کەسانە و تا 2017 پلەکەى گەیشتبوو بە نائیب عەریف، قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”چى لە پلە بکەم ئەگەر موچە وەرنەگرم و دەوام نەکەم”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح