ساغکردنەوە
ئەمڕۆ هیچ حاڵەتێکی مردنی منداڵ لە راپەڕین بە لەدایکبوون بەهۆی بەرواری جوان رووینەداوە
+964
ژێوار خدر
دوای ئەوەی لە بەشێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وابڵاوکرایەوە کە گوایە لە دەڤەری راپەڕین، ئەمڕۆ دووشەممە 11.11.2024، بەهۆی ئەوەی دایکێک حەزی کردووە لە رێکەوتێکی جوان منداڵەکەی لەدایکبێت لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی سنوورەکە، نەشتەرگەری پێش وەختەی بۆکراوە، منداڵەکەش گیانی لەدەستداوە.
964 بەدواداچوونی کرد و هیچ کام لە نەخۆشخانەکانی لەدایکبوونی دەڤەرەکە ئەم هەواڵەیان پشتڕاست نەکردەوە.
سەرەتا پەیوەندیمان بە د. وەفا عوسمان، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان و منداڵبوونی رانیەوە کرد، ئەو وتی بەهیچ شێوەیەک لە نەخۆشخانەکەی ئێمە نەشتەرگەری پێشوەختە بۆ لەدایکبوونی منداڵ ئەنجام نادرێت، ئەمە شتێک نییە بە خواستی دایک ئەنجام بدرێت، بەڵکو دەبێت کاتی لەدایکبوونی منداڵەکە بێت و ئەم کارەش نایاسییە.
وتیشی لە نەخۆشخانەکەمان زۆر حاڵەتی لە دایکبوونی پێشوەختە هەبووە و ئەمەش حاڵەتێکی ئاساییە و هەتا دوێنێ و پێرێش یەک دوو حاڵەتی لەم شێوەیە هەبووە، بەڵام ئەمڕۆ هیچ منداڵێک لە نەخۆشخانەکەمان دوای لەدایکبوونی نەمردووە.
دواتر پەیوەندیمان بە نەخۆشخانەی منداڵبوونی قەڵادزێشەوە کرد، ئامینە رەسوڵ، لە بەشی کارگێڕی نەخۆشخانەکە بۆ 964 وتی، لە نەخۆشخانەکەی ئێمە هیچ بابەتێکی لەم شێوەیە رووینەداوە و زانیاریمان نیە لەسەری.
هەربەوە نەوەستاین و بۆ دڵنیابوونەوەی زیاتر پەیوەندیمان بە هەر سێ نەخۆشخانە تایبەتەکەی دەڤەرەکەوە کرد کە بریتین لە نەخۆشخانەی کوردستانی تایبەت، شاری پزیشکی رانیە و نەخۆشخانەی دۆستی تایبەت لە قەڵادزێ، کە نەشتەرگەری منداڵبوونیان تیادا ئەنجام دەدرێت، هەموویان رەتیان کردەوە حاڵەتی لەم شێوەیە لای ئەوان روویدابێت وتیان هیچ زانیارییەکی واشیان لەهیچ لایەکەوە نەبیستووە.