پێنج سەكۆ كرانەوە
یەكەم كەشتی گەورەی بازرگانی لە بەندەری فاو پێشوازی كرا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
پێنج سەكۆی یەكەمی بەندەری فاو رادەستی حكومەتی عێراق كران و ئەمڕۆ پێشوازی لە كەشتییەكی گەورەی بازرگانی كرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بەندەری فاو لە باشووری عێراق، دوای رادەستكردنی پێنج یەكەم سەكۆی بەندەرەكە، كەشتییەكی گەورەی بازرگانییش پێشوازیی كرا.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، یەكەم پێنج سەكۆی پێشوازیكردن، لە بەندەری گەورەی فاو لە لایەن كۆمپانیایەكی كۆریای باشوور رادەستی وەزارەتەكەیان كرا.
لە رێوڕەسمی كردنەوەی سەكۆكاندا سەرۆك وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی ئامادەبوو، كە ئاماژەی بەوەدا تەواوبوونی پێنج سەكۆی یەكەم، بڕبڕەی پشتی كارەكانی بیناكردنەوەی بەندەرەكەیە.
هاوكات وەزیری گواستنەوەی عێراق عەبدولڕەزاق محێبس رایگەیاند، بیناكردنەوەی بەندەری فاو و رێگەی گەشەپێدان دەرگایەكی گرنگە بۆ گەشەی ئابووریی عێراق و هەوڵەكانیان چڕدەكەنەوە بۆ تەواوكردنی تەواوی كارەكانی بەندەرەكە.
بەندەری گەورەی فاو دەكەوێتە نیمچەدوورگەی فاو لە شاری بەسڕە و خەرجی دروستكردنی نزیكەی 4.6 ملیار یۆرۆیە و لە 54 كیلۆمەتر چوارگۆشە دروستكراوە و یەكێكە لە گەورەترین بەندەرەكانی ناوچەی كەنداو و دەیەم گەورەترین بەندەرە لە جیهاندا.
بەندەرەكە پێشتر هەبووە و لە ساڵی 2010 بەردی بناغەی فراوانكردن و دووبارە بنیادنانەوەی دانرا و ئێستاش كاركردن تێیدا بەردەوامە، كە وا دروست كراوە ساڵانە 99 ملیۆن تۆن كاڵا پێشوازی بكات و بتوانێت پێشوازی لە كەشتییە گەورەكان بكات.