بیانیی و ناوخۆیین

ته‌نیا له‌م مانگه‌ 43 گه‌وره‌ بازرگانى ماده‌ى هۆشبه‌ر لەهەرێمی کوردستان ده‌ستگیركراون

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت، ته‌نیا له‌مانگى تشرینی یه‌كه‌م 43 گه‌وره‌بازرگانى ماده‌ى هۆشبه‌ر له‌ شوێنه‌ جیاوازه‌كانى هه‌رێمی كوردستان ده‌ستگیركراون و زیاتر له‌ 16 كیلۆگرام ماده‌ى هۆشبه‌ریش ده‌ستى به‌سه‌ردا گیراوه‌.

به‌پێی راگه‌یندراوێك كه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌ ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ى ده‌ستگیركراون جگه‌ له‌ گه‌وره‌بازرگان هه‌مانكات فرۆشیاری ماددەی هۆشبەریشی تێدایه‌.

ئاماره‌كه‌ له‌ رۆژى 1.10.2024 تاوه‌كو 31.10.2024 ـه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ بەڕێوەبەرایەتی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان به‌ 964ـى وت، ئه‌و 43 تۆمه‌تباره‌ى ده‌ستگیركراون له‌ گه‌وره‌بازرگان و فرۆشیاره‌كان بیانى و كه‌سانى ناوخۆییشی تێدایه‌.

وتیشی “ده‌ستگیركردنى تۆمه‌تباره‌كان و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى ماده‌كان له‌ دهۆك، زاخۆ، سۆران و حاجی ئۆمەران بووه‌”.

به‌پێی ئاماره‌كه‌ى ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ بڕی ئەو مادانەی دەستی بەسەر داگیراوە بریتین لە 13 كیلۆگرام كریستاڵ، سێ كیلۆگرام ماریجوانا و 172 گرامیش له‌ جۆرى هیرۆیین بووه‌.

روونیشیكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌هۆى ده‌ستگیركردنى ئه‌م تۆمه‌تبارانه‌وه‌ تۆڕەکانیان هەڵوەشاوەتەوە.

باس له‌وه‌شكراوه‌، پێشتر بۆ ته‌واوى ئه‌م چالاكیانه‌یان فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاساییشیان وەرگرتووە و تەواوی تۆمەتبارانیش پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان لە کاتی خۆیدا بۆ کراوەتەوە و رادەستی یاسا کراون بە پێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵیەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان: سێ بازرگانی مادەی هۆشبەر دەس...

نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان: سێ بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیر کران