براکەى خستووەتە شوێنى خۆى

زیندانییەکى چاکسازى گەورانى سلێمانى رایکرد

964+

ئەحمەد محەمەد- سلێمانى

بەپێى زانیارییەکانى سەرچاوەیەکى ئەمنى کە بۆ 964 قسەى کردووە، زیندانییەکى چاکسازى گەورانى سلێمانى رایکردووە و تائێستا دەستگیر نەکراوەتەوە.

وەک سەرچاوەکە باسى دەکات، دوێنێ لە کاتى سەردانیکردنى زیندانیان، زیندانییەک لەگەڵ براکەى کە بۆ سەردانیکردن هاتووەتە زیندانەکە، جلوبەرگى یەکترى دەگۆڕنەوە و برا زیندانییەکە دەڕواتە دەرەوەى زیندان و براکەى دیکەى لە زیندان دەمێنێتەوە.

بەپێى زانیارییەکانى بەردەست 964، ئێستا ئەو برایەى لە جێگاى برا زیندانیکراوەکەى لە زیندان ماوەتەوە، خراوەتە ژێر لێکۆڵینەوە.

964 ویستى لە بەرپرسانى زیندانەکە و وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى زانیارى وەربگرێت، بەڵام ئامادە نەبوون قسە بکەن.

964 وردەکارى زیاترى رووداوەکەى لایە و دەیەوێت لە زارى بەرپرسانى زیندانەکەوە پشتڕاستى بکاتەوە.

رۆژى 28.7.2024 لە زیندانى چاکسازى ژنان و منداڵانى سلێمانى، کچێکى تەمەن 15 ساڵ راى کرد و دواتر دەستگیرکرایەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح