لە هێرشێکی چەکداریدا
10 ئەندامی پاسەوانی سنووریی ئێران کوژران
964+
شۆڕش قادری
لە هێرشێکی چەکداریدا لە پارێزگای سیستان و بەلوچستانی ئێران 10 ئەندامی پاسەوانی سنووریی ئەو وڵاتە کوژران.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لەزاری وەزارەتی ناوخۆی ئێران بڵاویکردووەتەوە، “لە ناوچەی گەوهەرکێو لە شاری تفتانی سەر بە پارێزگای سیستان و بەلوچستان، تەقە لە ئۆتۆمبێلێکی هێزە ئەمنییەکان کراوە و بەهۆیەوە 10 ئەندامی پاسەوانی سنووریی ئێران کوژراون”.
ئاماژە بەوەشکراوە، بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە تیمێکی هاوبەش لە فەرماندە سەربازییەکان و بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆی ئێران پێکهێنراوە.
ئاژانسی تسنیم لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادار دەڵێت، تەقەکەرەکان کوژراون بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بە ناسنامە و ژمارەی هێرشبەرەکان نەکردووە.
تا ئێستاش هیچ گروپ و لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لەئەستۆ نەگرتووە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئیسرائیل چەند بنکەیەکی سەربازیی لەناوخۆی ئێران بۆردومان کرد و دواتر سوپای ئێران رایگەیاند، لە هێرشەکەدا تەنیا دوو سەربازیان کوژراون و بەس.