بۆ سەردەمی "فەجر سولالات" ده‌گەڕێته‌وه‌

له‌ كه‌ركوك 250 شوێنه‌وارى ته‌مه‌ن 4000 ساڵ دۆزراونه‌ته‌وه‌

964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک

لە چەند رۆژى رابردوو 250 پارچە شوێنەوار لە گەڕەکێکى كه‌ركوك دۆزرانەوە، مێژووه‌کەی بۆ چوار هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە، ئەو تیمەی شوێنه‌واره‌كانى دۆزیوه‌ته‌وه‌ ماوه‌ى 16 ساڵه‌ بە دوای شوێنەوارى ئه‌م پارێزگایه‌دا ده‌گه‌ڕێن.
ماهیر عوگڵە، بەرێوەبەری فەرمانگەی پشکنینی شوێنەواری کەرکوک بە 964ـی وت، تیمه‌كه‌ لە فەرمانبەرانی فەرمانگه‌کەیان و پسپۆرانی شوێنەواری عێراقی پێكهاتوون و لە ساڵی 2008 ـه‌وه‌ سه‌رقَاڵى گه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌ى شوێنه‌واره‌كانن.
وتیشی “ئه‌و 250 شوێنه‌واره‌ى دۆزراونه‌ته‌وه‌ تەمەنیان بۆ چوار هەزار ساڵ بەر لە ئێستا و بۆ سەردەمی فەجر سولالات و بابلییه‌کانی ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە”.

سه‌رده‌مى “فه‌جر سولالات” مێژووه‌كه‌ى بۆ ساڵى 2800 پێش زایین له‌ وڵاتى نێوان دوو رووبار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و به‌ سه‌رده‌مى سۆمه‌ریی كۆن ناسراوه‌، ماوه‌ى شه‌ش سه‌ده‌ درێژه‌ى كێشاوه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، سه‌رتاى كاركردنى ئه‌م تیمه‌ هاوبه‌شه‌ له‌ گردی عەرەب کومبه‌ت لە گەڕەکی واستی شاری کەرکوک ده‌ستیپێكردووه‌ و تاوه‌کو ئێستاش سێ هەزار و 700 پارچە شوێنەواریان دۆزیوەتەوە.
باسی له‌وه‌شكرد، جیا لە پارچە شوێنەوارەکان، کارگەی دروستکردنی گۆزەی ئەو سەردەمه‌ی تێدایە، چەند گۆڕێکیشیان دۆزیوەتەوە کە چەند پارچە شوێنەوار و دیاری گرانبەهای تێدایە.
به‌قسه‌ى ماهیر، لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا، تیمەکان دوای 16 ساڵ کارکردن کۆتایی بە کارەکانیان دەهێنن و ئامار و داتای گشتی بۆ ته‌واوى كار و چالاكییه‌كانیان ئاشكرا ده‌كه‌ن.
پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن