ئەمشەو پێى زانراوەو تەرمەکەی دۆزراوەتەوە
دوێنێ پیاوێکی تەمەن 50 ساڵ کەوتە ژێر تراکتۆر و گیانی لەدەست دا
964+
هیڤی دێوالی -دهۆک
لە گوندی ئوزمانا لە سنووری ناحیەی مانگێش دوێنێ پیاوێکی تەمەن 50 ساڵان کەوتە ژێر تراکتۆر و گیانی لەدەستدا، بنکەی تەندروستی 122 دەڵێت، خانەوادەکەی ئەمشەو تەرمەکەیان لە سەر زەوییەکەی دۆزیوەتەوە.
پیاوەکە دانیشتووی شاری دهۆکە و دوێنی بە تراکتۆرەکە چووەتە گوندی ئۆزمانا و کاری لە زەوییەکەیدا کردووە.
هەیسەم بەربهاری، وتەبێژی بنکەی تەندروستی 122 لە دهۆک بە 964ـی وت، پیاوێکی تەمەن 50 ساڵ لەکاتی کارکردن تراکتۆرەکە لەدەست دەردەچێت و دەکەوێتە ژێری و گیانی لەدەستدەدات، بەڵام سەرەتا خانەوادەکەی پێیان نەزانیوە.
وتیشی، پێش کاتژمێر و نیوێک تیمەکانی ئێمە ئاگادارکراون لەبارەی رووداوەکە و زانراوە لەدوێنێوە لە گوندی ئۆزمانا پیاوێک کەوتووەتە ژێر تراکتۆرەکەی خۆی و گیانی لەدەستداوە.
ئاماژەیبەوەشکرد، تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی دهۆک کراوە و لەلایەن پزیشکەکانەوە پشکنین بۆ تەرمەکە دەکرێت، دوای کۆتاییهاتنی رێکارەکان رادەستی بنەماڵەکەی دەکرێتەوە.
گوندی ئۆزمانا دەکەوێتە ناحیەی مانگێش لە سنووری پارێزگای دهۆک، نزیکەی 41 کیلۆمەتر لە شاری دهۆک دوورە.
پێداچوونەوە: هاوبەش