رێگەی گوندەکان داخراوە

درۆنێک لەسەر رێگای ئامێدی – دێرەلووك كەوتە خوارەوە

964+

هێڤی دێوالی-دهۆک

درۆنێک لەسەر رێگای سەرەکیی ناحیەی دێرەلووک بۆ  ئامێدی کەوتەخوارەوە و رێگای هاتوچۆ داخراوە، ئەمەش بەهۆی مەترسیی تەقینەوەی درۆنەکە.

ئەمڕۆ دووشەممە 30.9.2024 درۆنێک لە جۆری FPV لە سەنتەری گوندی بەرچی لەسەر رێگای سەرەکیی ناحیەی دێرەلوک بۆ ئامێدی و گوندەکانی دەوروبەری، کەوتووتە خوارەوە و رێگاکەی داخستووە.

چەند گرتە ڤیدیۆییەک، كە هاوڵاتییەکی گوندی گوهەرزێ بۆ 964ـی ناردووە، دەڵێت، بەهۆی کەوتنی درۆنێک نزیكەی 25 خولەكە رێگای سەرەکیی داخراوە و ئۆتۆمبێل وەستاون، بەهۆی مەترسی تەقینەوەی درۆنەكە، چونکە دەگوترێت درۆنەکە بۆمبی تێدایە.

ئەحمەد گوهەرزی، موختاری گوندی گوهەرزێ بە 964ـی وت، درۆنێک لەسەر رێگای سەرەکی بۆ گوندەکان کەوتووتە خوارەوە و زیانی گیانی نییە، تەنیا زیانی بە رێگاکە گەیاندووە و ئێستا رێگاکە داخراوە.

هێشتا دیار نییە ئەو درۆنەی كەوتووە، هی كێیە و لە چ لایەكەوە هاتووە.

هاوكات هەر ئەمڕۆ درۆنێکی دیكە لە سەنتەری کومەڵگەی کوانێ کەوتە خوارەوە، هەروەها لە ماوەی هەفتەیەكدا دوو گوللـەتۆپ لە سەنتەری گوندی گوهەرزێ کەوتوونەتە خوارەوە و زیانی بە چەندین ماڵ گەیاندووە.

لە سنووری قەزای ئامێدی بە تایبەت ئەو گوندانەی سەر بە ناحیەی دێرەلووکن  و دەكەونە نێوان زنجیرەی چیاكانی مەتینا و گارە، بە بەردەوامی شەڕەتەقە و بۆردومان لە نێوان پەکەکە و سوپای تورکیادا هەیە، كە زیانیان بە چەندین دۆنم زەوی و خانووی هاوڵاتیان گەیاندووە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

درۆنێک لەناو کومەڵگەی کوانێ کەوتەخوارەوە و زیانی گیان...

درۆنێک لەناو کومەڵگەی کوانێ کەوتەخوارەوە و زیانی گیانی نەبووە