سزاكه‌ى 20 ملیۆن دیناره
سكاڵا له‌سه‌ر (بكوژى نادیار)ى ورچه كوژراوه‌كه‌ى چۆمان تۆمار كرا
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، به‌شی یاسایی فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى هه‌ولێر گه‌یشتنه چۆمان و له دادگاى ئه‌و قه‌زایه، سكاڵاى یاساییان له‌سه‌ر بكوژه نادیاره‌كه‌ى ورچه كوژراوه‌كه‌ى كوێستانى وێزى، تۆمار كرد.
تۆماركردنى داوا یاساییه‌كه دواى مانگ و نیوێك دێت به‌سه‌ر كوژرانى ورچه‌كه، له رۆژى 13.8.2024 به كوژراوى له كوێستانه‌كانى سنوورى چۆمان دۆزرایه‌وه.
دوێنێ شه‌ممه 964 په‌یوه‌ندی به هه‌ریه‌ك له به‌ڕێوه‌به‌ى فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى سۆران و قایمقامى چۆمان كرد، ئه‌وان ره‌تیان كرده‌وه كه تا ئێستا هیچ كه‌س و لایه‌نێك داواى یاسایی له‌سه‌ر بكوژه‌كه تۆمار كردبێت.
هه‌ژار ماهیر، به‌ڕێوه‌به‌رى فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى سۆران به 964ـى راگه‌یاند، ئه‌مڕۆ 29.9.2024 به‌شی یاسایی فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى هه‌ولێر به هه‌ماهه‌نگی فه‌رمانگه‌كه‌یان له دادگاى لێكۆڵینه‌وه‌ى چۆمان، داواى یاساییان تۆمار كردووه.
وتیشی “داوا یاساییه‌كه له‌سه‌ر كه‌سی نادیار تۆمار كراوه، كه بكوژى ورچه‌كه‌یه و تا ئێستاش نازاندرێت ئه‌و كه‌سه كێیه”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، ماوه‌یه‌كه پۆلیسی چۆمان ده‌ستى به لێكۆڵینه‌وه كردووه له‌سه‌ر كوژرانى ورچه‌كه و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش بانگهێشتى شوان و مه‌ڕداره‌كانى ئه‌م سنووره‌ى كردووه، كه ورچه‌كه‌ى لێ كوژرابوو.
روونیشیكرده‌وه، كه بكوژی ورچه‌كه ده‌ستگیر بكرێت سزاكه‌ى هه‌م به‌ندكردن و هه‌میش پێبژاردن ده‌بێت.
به‌پێی رێنماییه‌كانى ده‌سته‌ى پاراستنى ژینگه به ژمارە (1ـی ساڵی 2023) كه رێنمایی بۆ رێکخستنی راوکردن داناوه، بڕی 20 ملیۆن دینار وەکو سزای پێبژاردن دیاریکراوە بۆ هه‌ركه‌سێك ئاژه‌ڵى كێوى بكوژێت.