بە رووداوی هاتوچۆ
لە کەرکوک 10 کەسی یەک خێزان گیانیان لە دەستدا
964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک
بەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە 26.9.2014 بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە لە سەر رێگای کەرکوک – تکریت 10 ئەندامی خێزانێک گیانیان لە دەست دا.
محەمەد عگێڵی شایەت حاڵ لە شوێنی رووداوەکە بە 964ـی وت، کاتژمێر 7:30 بەیانی ئەمڕۆ بە هۆی رووداوێکی هاتوچۆ لە نێوان سێ ئۆتۆمبێل لەسەر رێگای کەرکوک بۆ تکریت 10 کەس گیانیان لە دەستدا کە ئەندامی یەک خێزانن و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
وتیشی، ئەو خێزانە بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری شۆفرلێت تاهۆی سەر بە کۆمپانیای گەشت و گوزاری ناعورە لە شاری هەولێرەوە هاتون بەرەو تکریت بڕۆن ، تووشی ئەو رووداوە بوون ئەوانەی گیانیان لە دەستداوە چوار منداڵ و سێ ژن و سێ پیاو بوون ، بەڵام نازانین خەڵکی چی شارێکن.
عەلی موخلف لە بەرگری شارستانی کەرکوک بە 964ـی وت، هۆکاری رووداوەکە سەرەتا دەگەرێتەوە بۆ هۆکاری خێرا لێخوڕین ،هۆکاری دووەم ئەوەیە سایدێکی ئەو رێگایە چەند ساڵێکە سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەن تاکو ئێستا کۆتایی پێ نەهاتوەە، هەفتانە زیاتر لە سێ رووداوی هاتوچۆ لە شوێنەە روودەدەن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی