"کەمتر لە پێنج کاتژمێر"
تۆمەتباری رووداوی تەقەکردنەکەی سلێمانی دەستگیر کرا
964+
شۆڕش قادری
دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی تۆمەتباری رووداوی تەقەکردنەکەی شەوی رابردووی شەقامی (مەلیک مەحمود)ی شاری سلێمانی راگەیاند.
دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، ” دوای ئەوەی شەوی رابردوو 19.9.2024 لە شەقامی مەلیک مەحمود لە شاری سلێمانی دەمەقاڵێ و ئاڵۆزی لە نێوان سەرنشینانی دوو ئۆتۆمبێل دروست دەبێت، شۆفێری یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان بەچەکی جۆری (دەمانچە) دوو هاوڵاتی بریندار دەکات و دەبێتەهۆی گیان لەدەستدانی یەکێکیان، دواتر تەقەکەرەکە بەخێرایی شوێنی رووداوەکە بەجێدەهێڵێت و هەڵدێت”.
“دەستبەجێ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگاى سلێمانی گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە و بە هاوکاری هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی لەماوەی کەمتر لە پێنج کاتژمێر تۆمەتباری تەقەکەر دەستگیرکرا و رووبەڕوی یاسا کرایەوە”، دەزگای ئاسایشی هەرێم وادەڵێت.
دەزگای ئاسایشی هەرێم ناسنامەی تەقەکەرەکە و هۆکار و پاڵنەری رووداوەکەی ئاشکرا نەکردووە و زانیاری زیاتری لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.