ئه‌مڕۆ 77 ساڵ به‌سه‌ر كۆچی تێده‌په‌ڕێت

حوسێن حوزنی موکریانی له‌ باوكێكی زه‌مبیلفرۆشه‌وه‌ بووه‌ته‌ عاشقى چاپخانه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ئه‌مڕۆ 77 ساڵ به‌سه‌ر كۆچی دوایی نووسه‌ر و مێژوونووسی كورد حسێن حوزنى موكریانیدا تێده‌په‌ڕێت، باوكى زه‌مبیل فرۆش بووه‌، به‌ڵام ئه‌و له‌ رێچكه‌ى پیشه‌یی باوكى لایداوه‌ و وه‌كو گه‌ریده‌یه‌ك به‌دواى ده‌ستخستنى چاپخانه‌دا گه‌ڕاوه‌.

حوسێن حوزنی موکریانی لە سەیدەکانی ئینچکە و شقۆیفە کە دوو گوندن لە نزیک شاری بۆکان و لە ساڵی 1890 لە مەهاباد لەدایک بووە.

بۆ خوێندن روویکردۆتە مەراغە و تەبرێز، پاشان چووەتە یەریڤان و رووسیاش گه‌ڕاوه‌، لەوێشەوە بۆ ئەستەنبوڵ و دواتریش هەریەکە لە سوریا و لوبنان و فەڵەستین و میسر و حیجازی عوسمانی و وڵاتانی فەڕەنسا و ئەڵمانیاشی كردووە.

بۆیه‌كه‌مجار لە ساڵی 1915 چاپخانەیەکی لە حەلەب دامەزراندووە تا ساڵی ساڵی 1925 ئینجا رووی لە عێراق کردووە و لە سەرەتاشدا ماوەیەک لە بەغدادا ماوەتەوە.

لە ساڵی 1926 هاتووه‌ته‌ رواندز و له‌وێ جێگیر بووە، چاپخانەیەکی بە ناوی زاری کرمانجی دامەزراندووە و گۆڤارێکیش هەر بە ناوی چاپخانەکەوە – گۆڤاری زاری کرمانجی دەرکردووە.

به‌پێی سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌یكان لە ماوەی ژیانیدا چەندینجار دژایەتی کراوە و هەوڵی زۆر دراوە چاپخانەکەی لە ژێر دەست دەربهێنرێت، بەڵام ئەم به‌رده‌وام بووه‌.

پێشتر كه‌ سه‌ردانى ئەستەنبوڵى كردبوو، له‌و ماوه‌یه‌ى له‌وێ بووه‌ ده‌ستى به‌ نووسین کردووە، لە ئەستەمبوڵ و حەلەبدا بە نھێنی چەندین گۆڤاری دەرکردووە ، وەک (کوردستان ، ئارارات ، بۆتان ، چیاکرمانج ، دیاربەکر ، سۆران).

لە ساڵی 1935  لە ھەولێر گۆڤاری (رووناکی) دەرکرد. لە ساڵی 1943 لە بەغدا سەرپەرشتی گۆڤاری (دەنگی گێتی تازە)ی کردووە . جگە لەمانە نزیكه‌ى 50 کتێب و یادگاری لەپاش بە جێماوە ، چیرۆكیشی نووسیوه‌ و له‌ ساڵى 1926 دووان له‌ چیرۆكه‌كانى به‌ناوى (خۆشی و ترشی) و (مەڕۆکەو بزنۆکە)ی چاپ کردوو.

سه‌باره‌ت به‌ مێژووى كوردستانیش چه‌ند به‌رهه‌مێكی چاپكردووه‌ له‌وانه‌، مێرگەی دڵان، خونچەی بەھارستان، پێشکەوتن، ئاوڕێکی پاشەوە، میرانی سۆران، کوردستانی موکریان، ناودارانی کورد، بە کورتی ھەڵکەوتی دێریکی، لاپەڕەیەک لە دێریکی کوردستانی موکری.

ساڵی 1943 لە رواندز دوورخراوەتەوە و تا کۆتایی تەمەنی لە شاری بەغدا ژیاوەو لە بەرواری 20.9.1947 لە شاری بەغدا کۆچی دوایی کردووە، پاشان تەرمەکەی هێنراوەتەوە ھەولێر و ئێستا گۆڕەکەی لە شاری ھەولێرە.

سه‌رجه‌م ئه‌و زانیاریانه‌ى سه‌ره‌وه‌ له‌ سه‌رچاوه‌كانى وه‌ك كوردیپێدیا و  سەرجەمی بەرهەمی حوسێن حوزنی وه‌رگیراوه‌ كه‌ د. کوردستان موکریانی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌.

حوسێن حوزنی موکریانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ رواندز

حوسێن حوزنی موکریانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ رواندز