"زۆر توڕەیە و قسەشی خۆشە"

حەیدەر بناسن؛ کارەکەی کەمئەندامییەکەی شاردووەتەوە

964+
راژان باجەلان – خانەقین

باڵای بە قەد کێلەکە نابێت، بەڵام سەرقاڵی نەخشاندنیەتی، رۆژ هەیە بەیانی زوو دێتە سەر کارەکەی، رۆژی واش هەیە تا سەعات چواری ئێوارە دەخەوێت، بەڵام زیرەک و لێهاتووە.

حەیدەر فەخری، کەمئەندامێکی بەهرەمەندە، لە گەڕەکی حەمیدییەی خانەقین لەگەڵ دایک و باوکی ژیان بەسەر دەبات، 10 ساڵە لەلای مەلا مۆفەقی خەتات، سەرقاڵی نووسینی ناو و رێكەوتە لەسەر ئەو کێلانەی بۆ گۆڕی کۆچکردووەکان دەبرێن.

لە منداڵییەوە وەک کەسێکی کەمئەندام چاوەکانی بۆ ژیان هەڵاتووە، زەحمەتە ئاسان لە قسەکانی تێبگەیت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش یەک تایبەتمەندی هەیە زۆر توڕەیە و لە هەمان كاتدا قسەشی زۆر خۆشە ئەگەر لێی تێبگەیت، بە کورسییەکی کەمئەندامی دێت و دەچێت، تا رۆژی پێنج بۆ 10 هەزار دینار پەیدا بکات.

حەیدەر وەک هەر کەسێکی ئاسایی توانای بەکارهێنانی کۆسەرەی نییە بۆ دیاریکردنی گۆشەکانی نووسین لەسەر کێلەکان، بەڵام رەنگکردن و رازاندنەوەی عایدی خۆیەتی، وا تەمەنی دەگات بە 43 ساڵ، توانای جوڵە و هەناسەدان و قسەکردن و بیستنی وەک پێویست نییە، بەڵام لێهاتوویی و دەستڕەنگینییەکەی هەموو ئەوانەی شاردووەتەوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا