لە بازیان
بارهەڵگرێك لە كاتی كاركردندا وەرگەڕا و شۆفێرەكەی گیانی لەدەست دا
+964
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
ئەمڕۆ دووشەممە، لە كارگەی چیمەنتۆی ماس، لە قەزای بازیان بارهەڵگرێك لە كاتی كاركردندا وەرگەڕا و دەستبەجێ شۆفێرەكەی گیانی لەدەستداوە.
موقەدەم ئەڵێن كەریم، لێپرسراوی بنكەی هاتوچۆی بازیان بە 964ـی وت، “رووداوەكە لە دوای كاتژمێر 12:00ـەی نیوەڕۆ روویداوە، لە كارگەی چیمەنتۆی ماس، بارهەڵگرێك لەكاتی گواستنەوەی خۆڵ بۆ كارگەكە، لە شوێنی داگرتنی خۆڵەكە بەگی داناوە و بە پشتدا لە بەرزییەوە كەوتووەتە خوارەوە، شۆفێرەكەشی دەستبەجێ لە شوێنی روداوەكە گیانی لەدەستداوە”.
وتیشی، شوێنەكە بەرز بووە، لەكاتی داگرتنی خۆڵەكە بارهەڵگرەكە تەوازنی لەدەستداوە، بەشی دواوەی بارهەڵگرەكە كەوتووەتە خوارەوە و بەشی پێشەوەشی لەگەڵ خۆیدا راكێشاوە و بە تەقلە كەوتووەتە خوارەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، شۆفێرەكە ناوی عومەرە و تەمەنی 45 ساڵە و خەڵكی چەمچەماڵە و تەرمەكەشی رادەستی كەسوكارەكەی كراوەتەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی